ڕوسیا هەلی تا كۆتایی مانگی داهاتووی بۆ ژمارەیەك لە دیپلۆماتكارانی ئەمریكی دیاریكرد تا وڵاتەكەی جێبهێڵن، لە نوێترین بارگرژی و ناكۆكییە دیپلۆماسییەكانی نێوان مۆسكۆ و واشنتندا.
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەو ئەندامانەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا كە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ لە ڕوسیا ماونەتەوە، پێویستە تا 31ی كانونی دووەمی ساڵی داهاتوو وڵات جێبهێڵن.
وتیشی، “خواستەكەی ڕوسیا وەك وەڵامدانەوەی ڕێوشوێنێكی ئەمریكا دێت كە 55 دیپلۆماتكاری ڕوسی ناچاركردووە ویلایەتە یەكگرتووەكان جێبهێڵن”. زاخارۆڤا وتی، “پێمانوایە داواكارییەكەی ئەمریكا دەركردنە و وەڵامی هاوشێوە دەدەینەوە”.
هەفتەی ڕابردوو ئەناتۆلی ئەنتۆنۆڤ، باڵیۆزی ڕوسیا لە واشنتن وتی، پێویستە لەسەر 27 دیپلۆماتكاری ڕوسی تا 30ی كانونی دووەم ئەمریكا جێبهێڵن، بەدوایشیدا ژمارەیەكی هاوشێوە پاش نیو ساڵ.
چوارشەممەش یورین ریابكۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا هەڵسوكەوتەكەی واشنتن-ی بە “تێكدانی” كاری نێردە دیپلۆماسییەكان ناوبرد.
پێشتر ڕوسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان چەندین جار دیپلۆماتكارەكانیان دەركردووە و، هەنگاوی دیكەیان گرتووەتەبەر بۆ سنوورداركردنی چالاكی نێردە دیپلۆماتییەكان بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو دوای ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان مۆسكۆ و واشنتن گەیشتە نزمترین ئاست لەدوای جەنگی ساردەوە بەهۆی خستنەپاڵی دورگەی قرمی ئۆكرانی لەلایەن ڕوسیاوە لە ساڵی 2014 و، دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و، چەتە ئەلیكترۆنییەكان و ڕووداوی دیكە.