لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق داتا و زانیارییەکانی خۆی لەبارەی هێرشەکەوە خستەڕوو، لیژنەکە ئەوەی بۆ یەکلایی بووەتەوە، ئەو درۆنانەی لە هێرشەکەدا بەکارهاتوون، لە خاکی عێراقدا دروستکراون.
لیژنەی لێکۆڵینەوەكە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لەبارەی هێرشەکەوە، چۆنیەتیی هێرشەکە و کەرەستەی بەکارهاتووی هێرشەکەی خستەڕوو، بەڵام بکەری هێرشەکەی سەرماڵی کازمی ئاشکرا نەکرد.
لێکۆڵینەوەكە ئاشکرایکردووە، “لە هێرشەکەدا دوو درۆن بەکارهاتوون، لەگەڵ ئەوەشدا دوو بۆمب ئاراستەی ماڵی کازمی كراون، بەڵام دانەیەکیان نەتەقیوەتەوە”.
ئەگەرچی لیژنەکە ناوی هیچ کەس و گروپێکی نەهێنا کە لەپشتی کردەوەکەوە بن، بەڵام داوای لە لایەنە سیاسی و سەربازییەکان کرد هاوکارییان بکەن بۆ زیاتر پێشخستنی کاری لیژنەکە.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، “بۆ لیژنەكە یەكلابووەوە كە هێرشەكەی سەر ماڵی سەرۆك وەزیران بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بووە و هێرشەكە بە هەڵدانی دوو بۆمب بووە، یەكێكیان بۆسەر سەربانی ماڵی كازمی و دووەمیان لە حەوشەی ماڵەكەیدا كەوتووە”.