سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” داوا دەکات فشار دورستبکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە تورکیا، بەهۆی ئەوەی خەڵکی وڵاتەکە توانای بەرگەرتنی زیاتری قەیرانە دارییەکانیان نییە.
سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە لە وتارێکدا کە بۆ T24 نووسیویەتی، قەیرانە ئابورییە دروستکراوەکان لەسەر خەڵک کاریگەریی نەرێنی هەبووە، قەیرانەکان توانای هەناسەدانیان نەهێشتووەتەوە، ملیۆنان کەس لە تورکیا نازانن سبەینێ چییان بەسەردێت، تەنها ئامانجیانە لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی ئەمڕۆ ڕزگاریان ببێت.
دەمیرتاش دەڵێت، “تەنها ڕێگا بۆ دەرچوون لەم قەیرانە هەڵبژاردنە، زۆرینەی خەڵکیش چاوەڕێی ئەوەن لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە توڕەییەکانیان بەتاڵبکەنەوە، لەگەڵ ڕاکردنی زیاتری حکومەت لە هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان دەنگی زیاتر لەدەستدەدات (وەک ئاماژە بۆ پارتی داد و گەشەپێدان)”.
باسی لەوەشکردووە، کە کێشەی ئێستای تورکیا تەنها کێشەی پارتی داد و گەشەپێدان نییە بەڵکو کێشە ڕاستەقینەکە ئەوەیە تورکیا بەرگەی ئەم قەیرانانە ناگرێت تاوەکو ساڵ و نیوێکی دیکە.
دەمیرتاش لە زیندانەوە جەختیکردووەتەوە، “ئەگەر بەخێرایی هەڵبژاردن بەڕێوەنەچێت وێرانکارییەکی قورس ڕوودەدات، بەمهۆیەوە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوەیە داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بەکەن”.
سەلاحەدین دەمیرتاش هۆشداری لە هەژاری، بێکاری دەدات کە تووشی خەڵکی وڵاتەکە دەبێت لەداهاتوودا.
دەسەڵاتی تورکی لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2016 دەمیرتاش، فیگەن یۆکسەگداغ و 13 پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپەی دەستگیرکرد، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان.