سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت، دوای نزیكبوونەوە لە ئیمارات، توركیا هەنگاوی هاوشێوە بۆ نزیكبوونەوە لە ئیسرائیل و میسر دەنێت، لەكاتێكدا لە نوێترین پەیامدا یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل بە “حەرام” وەسفدەكات
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، توركیا هەنگاو دەنێت بۆ باشكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر و ئیسرائیل هاوشێوەی ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ ئیماراتی عەرەبیی یەكگرتوو گیرایەبەر و “بەرهەمدار بوو”.
بەپێی میدیاكانی توركیا، ئەردۆغان لەمیانەی گەشتەكەیدا بۆ توركمانستان لێدوانیداوە و وتی، “ئیمارات پلانێكی وەبەرهێنانی بە بڕی 10 ملیار دۆلار داناوە، لەڕێی ئەو پلانەوە دەتوانین ئایندەیەكی تەواو جیاواز بونیادبنێین”، ڕوونیشیكردەوە لە شوباتی داهاتوو سەردانی ئیمارات دەكات.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا دەربارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ تەلئەبیب و قاهیرە، ئەردۆغان نەیشاردووەتەوە، “هاوشێوەی ئەو هەنگاوەی گیرایەبەر لەگەڵ ئیمارات، هەنگاوی هاوشێوە لەگەڵ ئەوانی دیكە دەگرینەبەر”.
هەفتەی ڕابردوو ئەنقەرە و ئەبوزەبی ڕێككەوتنێكیان بە بەهای ملیاران دۆلار واژووكرد، ئەردۆغان هەنگاوەكەی بە ڕاگەیاندنی “سەردەمێكی نوێ”ی پەیوەندییەكان وەسفكرد.
لەكاتێكی پێشتری ئەم مانگەدا سەرۆك كۆماری توركیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی دەگمەنی لەگەڵ نفتالی بینیت، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامدا، پاش ئازادكردنی دوو هاوسەری ئیسرائیلی لەلایەن توركیاوە كە بەهۆی وێنەگرتنی یەكێك لە كۆشكەكانی سەرۆكایەتیی توركیا دەستبەسەركرابوون.
دوێنێ عەلی قەرەداغی سكرتێری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان لە ڕاگەیەندراوێكدا هەڵوێستی خۆی و یەكێتییەكەی لەبارەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاشكراكردووە و دەڵێت، ئەوەی هەندێك وڵاتی وەك ئیمارات و مەغریب ئەنجامیانداوە لە ڕۆچوونە نێو هاوپەیمانێتیكردن و هەنگاونانی كرداری لەگەڵ “كیانی سەهیۆنیی داگیركەر”، كارێكی “سەركۆنەكراو و حەرامە، خیانەتە لە پەیمانی عومەری و مافەكانی گەلی فەڵەستین”.
عەلی قەرەداغی دووپاتیكردووەتەوە، پێشتریش بە چەندین ڕاگەیەندراو سەركۆنەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ “داگیركەرانی قودسەكەمان” كردووە، سوورن لەسەر ئەوەی ئاساییكردنەوە “حەرامە و خیانەتە لە دۆزە سەرەكییەكەمان”، مەبەستی دۆزی فەڵەستینە.
سكرتێری یەكێتیی زانایانی موسڵمان داواشدەكات، تەواوی هەوڵە ماددی و مەعنەوییەكان بخرێنە گەڕ بۆ ئازادكردنی “تەواوی زەوییە داگیركراوەكان، لە سەروو هەموویانەوە ئەقسا و قودسی شەریف”.