حكومەتی عێراق، ئێران تۆمەتباردەكات بەوەی لە دۆسیەی ئاودا هەموو عورف و ڕێككەوتننامەیەكی نێودەوڵەتی پێشێلكردووە.
ماوەیەكە ئێران ئاوی ڕووباری ئەڵوەنی گرتووەتەوە و ئەوەش خانەقین و ناوچەكانی تری سەر بە پارێزگای دیالەی دووچاری گرفتی كەمئاوی كردووە.
عەون زیاب عەبدوڵڵا ڕاوێژكاری وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق ڕایگەیاند، ئێران ئاوی بەتەواوەتی لە عێراق گرتووەتەوە و لە زیانەكانی كەمئاویدا هاوبەشیی عێراقی نەكردووە، ئەوەش كاریگەریی ڕاستەخۆی هەبووە لەسەر ناوچەكانی دیالە و بەدرە و جەسان و حوێزە و شەتی عەرەب.
ڕاوێژكارەكەی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق لێدوانی بۆ ڕۆژنامەی “سەباح” داوە و ڕایگەیاندووە، ڕەفتارەكانی ئێران پێچەوانەی عورف و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانن بەتایبەت ڕێككەوتننامەی ساڵی 1975 و ئاوی گرتووەتەوە و بەرژەوەندیی عێراقی لەبەرچاونەگرتووە.
ڕاوێژكاری وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت، بەهۆی كەمیی بارانبارین و گرتنەوەی ئاوی سیراون لەلایەن ئێرانەوە، بەنداوی حەمرین لە وشكبوونەوە نزیكبووەتەوە.