پارێزگاری نەجەف دەڵێت، ئاهەنگگێڕان و شایی و گۆرانی وتنەوەی گشتی لە پارێزگاكەدا بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە.
بەپێی بڕیارێكی پارێزگاری نەجەف كە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەشتوگوزاری پارێزگاكەوە دەریكردووە و وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەتووە، لە سنووری پارێزگاكەدا چیتر ڕێگەنادرێت ئاهەنگی گۆرانیوتن سازبكرێت.
ئاسایشی گەشتوگوزاری نەجەف نووسراوی ئاراستەی سەندیكای هونەرمەندانی نەجەف كردووە و ڕایگەیاندووە، لەبەر “پیرۆزیی پارێزگاكە” و بە بڕیاری لوئەی یاسری پارێزگای نەجەف، سازدانی ئاهەنگ لە هۆڵەكانی شایی و بۆنەكانی پارێزگاكەدا قەدەغەیە.
بەپێی بڕیارەكە، لەمەودوا تەنها ڕێگە بە سازدانی ئاهەنگی ئایینی “مەولودنامە” دەدرێت بەجۆرێك تەنها سروودی ئایینی بوترێنەوە.