تەندروستیی عێراق لەبارەی ئۆمیكرۆنەوە هۆشداری دەدات

وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لەبارەی بڵاوبوونەوەی گۆڕاوە نوێیەكەی كۆرۆناوە هۆشداری دەدات و داوا لە هاوڵاتییان دەكات خۆیان ڤاكسینبكەن و دامەزراوە و شوێنە گشتییەكانیش ڕێگە بە چوونەژوورەوەی كەس نەدەن، ئەگەر بەڵگەی خۆڤاكسینكردن یاخود پشكنینی پی سی ئاڕی پێنەبێت.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق داوا لە هاوڵاتییان دەكات زوو خۆیان ڤاكسینبكەن و پابەندی ڕێنمایی و بڕیارەكانی تەندروستی ببن و دەمامك بپۆشن، خۆیان لە شوێنی قەرەباڵغ دووربگرن و مەودا لەنێوان خۆیان و دەوروبەریاندا بهێڵنەوە.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژە بۆ مەترسیداریی دۆخەكە دەكات بەوەی جۆڕە گۆڕاوەكەی كۆرۆنا بووەتە ڕاستی و بڵاوبووەتەوە و لەو سۆنگەیەوە داوا لە دامەزراوە حكومەتی و تایبەتەكان دەكات، ڕێنماییەكانی تەندروستی جێبەجێبكەن و ڕێگە بە كاركردن و چوونەژوورەوەی كارمەندان و سەردانیكەران نەدەن تا بەڵگەی دوو جار خۆڤاكسینكردن نەخەنەڕوو، یاخود پشكنینی پی سی ئاڕ نیشانبدەن كە ماوەی هەفتەیەك زیاتری بەسەردا تێپەڕنەبووبێت.

لە ڕاگەیەندراوەكەیدا وەزارەتی تەندروستیی عێراق، داوا لە كەناڵەكانی تەلەڤیزیۆن و سەرجەم دامەزراوەكانی میدیا دەكات هۆشیاریی تەندروستی بڵاوبكەنەوە و داوا لە هاوڵاتییان بكەن پابەندببن بە ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی و پەلەبكەن لەخۆڤاكسینكردن.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) پاریس بە زەحمەت لە سانت ئیتیانی بردەوە

بابەتی دواتر

پۆلیسی نەمسا 15 کەسی دەستگیرکرد کە کۆچبەری عێراقی و سورییان بردووە بۆ ئەوروپا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share