وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بەسەرکەوتووی 400 کۆچبەری کوردیان لە سنورەکانی بیلاڕوسیا و پۆڵەنداوە گەڕاندووەتەوە هەرێم و ئامادەی هاوکارین بۆ کۆچبەرانی دیکە.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیوتەر ڕایگەیاند، “ئێمە ئامادەین بۆ هاوکاریکردنی هەر کۆچبەرێک کە بیەوێت لەو سنورانەوە بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان”.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کاروانێکی دیکەی کۆچبەرانی سنووری بیلاڕوسیا لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیان 425 کۆچبەر بوون.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاشکرایکرد، ئەو گەشتە بە ڕێگا فەرمییەکان و بە ڕەزامەندیی هەردوو حکومەتی عێراق و بیلاڕوسیا گەڕێنراونەتەوە.
گەڕاندنەوەی ئەو ژمارە کۆچبەرە لە بەیانیی ئەمڕۆدا دەبێتە چوارەم کاروانی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی سەر سنوورەكانی بیلاڕوسیا.
ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە چوار کاروانی ڕابردوودا گەڕێنراونەتەوە، دەگاتە هەزار و 458 کۆچبەر.