دابەشكردنی نەوتی سپی وەستاوە.. حكومەتی هەرێم بەڵێنەكەی نەبردەسەر

دابەشكردنی بەرمیلێك نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا ئەو بەڵێنەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دابووی كەمترین خێزان لێی سوودمەندبوون و ماوەی زیاتر لە 20 ڕۆژە وەستاوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت، ئەوەی هاتووە زۆر كەمە و پەرلەمانتارێكیش ڕوونیدەكاتەوە، وەزارەت هۆكارەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ دابیننەكردنی بودجەی پێویست.

بەر لە هاتنی وەرزی سەرما، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش بڕی 100 ملیۆن لیتر نەوتی كڕیوە و بە نرخی پاڵپشتیكراو دابەشیدەكات.

پێشتر وەزیری سامانە سروشتییەكان بەڵێنیدا بەوەی دابەشكردنی نەوت لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمەوە لە ناوچە ساردەكان دەستپێدەكات و خودی خۆی چاودێری دابەشكردن و گەیشتنەكەی دەكات.

لەو چێوەیەدا دەست بە دابەشكردنی نەوت كرا، بەڵام ماوەیەكی كورتی خایاند و زیاتر لە 20 ڕۆژە هیچ بڕێك دابەشنەكراوە، لەكاتێكدا لەناو سەنتەری شارەكاندا كەمترین خێزان سودمەندبوون و وەریانگرتووە.

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە دابەشكردنی نەوتی سپی-دا هیچ بنەمایەك نییە پشتی پێببەسترێت، چونكە حكومەتی هەرێم لە هەموو سێكتەرەكاندا بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكردووە، تا لە نەوتی سپیدا چاوەڕوانی ئەوەی لێبكەین.

وتیشی، “لە ساڵانی ڕابردوودا حكومەتی ناوەند بڕێك نەوتی دەنارد و حكومەتی هەرێمیش بڕێك پارەی دەخستەسەر و دابەشدەكرا، بەڵام ئەمساڵ وەزیری سامانە سروشتییەكان وتی 100 ملیۆن لیتر نەوتیان كڕیوە و بەسەر پارێزگاكاندا دابەشیدەكەن”.

“لەو چێوەیەدا ڕۆژانە دوو تا سێ تەنكەر نەوت دەهات و دابەشدەكرا، بەڵام نزیكەی مانگێكە ئەویش نەماوە و بەداخەوە بەڵێنەكە جێبەجێنەكراوە و هەتا ئێستا بەڵێنەكە نەبراوەتەسەر” كەریم عەلی وای وت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی بەڵێنەكەی حكومەت بێت، دەبوو لەو بڕە نزیكەی 40 ملیۆن لیتری بهاتایە بۆ سلێمانی، لەكاتێكدا شارەكە پێویستی بە 110 ملیۆن لیترە، بەڵام ئەوەی تائێستا گەیشتووە ڕێژەیەكی زۆر كەمە، ڕەنگە دوو بۆ سێ ملیۆن لیتر هاتبێت.

بۆ ئەوەی هەر خێزانێك لە هەرێمی كوردستان بەرمیلێك نەوت وەربگرێت پێویست بە دابینكردنی 253 ملیۆن لیتر نەوت دەكات، ساڵانی ڕابردوو بەشێك لەو نەوتە لەلایەن حكومەتی عێراق دابیندەكرا، بەڵام بۆ ئەمساڵ هیچ بڕێكی نەناردووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو پرسە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەمساڵ حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند نەوت دەكڕێت و بە نرخی كەمتر بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشیدەكات، بەڵام نەوتەكە لەكوێ دەكڕێت و میكانیزمەكەی چۆنە دیارنییە، بۆیە پێدەچێت هەر ئەو نەوتەی ساڵانی پێشووی عێراق بێت و، لەلایەن هەرێمەوە بە پارەیەكی زیاتر بدرێت بە هاوڵاتیان بەناوی كڕینی نەوتەوە.

بۆ ئەوەشی بەڵگەی ئەوەی هێنایەوە كە “ساڵانی ڕابردوو حكومەتی عیراق 50 ملیۆن لیتری دەنارد، ئەمساڵ دەنگی ناردنی ئەو نەوتە لەلایەن ناوەندەوە نییە و لە بەرامبەردا حكومەتی هەرێم دەڵێت، نەوت دەكڕم و دابەشیدەكەم”.

لای خۆیەوە سەركۆ ئازاد، ئەندامی لیژنەی وزه‌ و سامانە سروشتیه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانیی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، بەپێی بەڵێنەكەی وەزیری سامانە سروشتییەكان ئەو نەوتەی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە دەكڕدرێت بەرمیلی بە 89 هەزار دینارە، لەو بڕە حكومەتی هەرێم پاڵپشتی 45 هەزار دیناری دەكات و بە نرخی كەمتر دابەشیدەكات.

وتیشی، “بڕیاربوو دابەشكردنەكە لە 1ی تشرینی یەكەمەوە بێت و بگاتە هەموو ماڵێك، بەڵام لە 20 ڕۆژی ڕابردوودا بە سستی بەڕێوەدەچێت، دەربارەی هۆكارەكەی پرسیارمان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە، ئەوان هۆكارەكەی بۆ دابیننەكردنی بودجەی پێویست لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییەوە دەگەڕێننەوە”.

دەربارەی ئەوەی ئایا هیچ ئەگەرێك هەیە بەمزوانە ئەو پرسە چارەسەربكرێت و دابەشكردنی نەوت دەستپێبكاتەوە، ئەو ئەندامەی پەرلەمان بەدووریزانی و ئاماژەی بەوەكرد، گرفتەكە لەوەدایە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان خۆی نەوتەكە دابینناكات، بەڵكو چاوەڕوانی گەیشتنیەتی، ئەمەش لە بەردەم ئەگەری جۆراوجۆردایە، ئامادەش نییە لە بازاڕدا بیكڕێت.

بابەتی پێشتر

عەلی قەرەداغی: ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل حەرامە

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: دۆسیەی ئەمنیی ناوچە كێشەلەسەرەكان پێویستی بە سیاسەتی نوێ ‏هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share