دوای ئەوەی پارتی سۆشیال دیموکراتی سوید، پێویستیان بە دەنگی پەرلەمانتاری کورد ”ئامینە کاکەباوە” هەبوو بۆ پێکهێنانی كوتلەی زۆرینە، ڕێککەوتنێک لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا هەیە بۆ هاوکاریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان.
دوای ئەوەی ئامینەی کاکەباوە، پەرلەمانتاری سەربەخۆ، گفتوگۆی لەگەڵ پارتی سۆشیال دیموکرات دەستپێکرد بۆ پێکهێنانی زۆرینە، کاکەباوە مەرجی هەبووە، کە دەبێت حکومەتی داهاتووی سوید هاوکاریی ئیدارەی خۆسەری دیموکرات بکات لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئامینەی کاکەباوە، سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە دەڵێت، “گفتوگۆکان زۆر باش چوونەپێشەوە و من داوام لە سۆشیال دیموکراتەکان کرد، نووسراوێک لەنێوانماندا هەبێت، بۆیە نووسراومان کردووە و بڕیارە هاوکارییەکان بۆ کوردانی ڕۆژئاوا زیاتر بکرێن”.
بەپێی زانیارییەکان، لە ڕێککەوتنەکەی نێوان سۆشیال دیموکراتەکان و ئامینەی کاکەباوەدا هاتووە، “ناکرێت هێزێک کە چەکدارانی داعشی تێکشکاندووە و لەناویبردوون، بە تیرۆریست ناوببرێت و ئەوە جێگای قبوڵ نییە”.
پێشتر سۆشیال دیموکراتی سوید سوپاسی پارتی یەکێتیی دیموکرات – پەیەدەی کردبوو کە چەکدارانی داعشیان تێکشکاند و کەسوکاری چەکدارەکانیان داڵدەداوە.
سۆشیال دیموکراتەکانی سوید، پێویستیان بە دەنگی یەک ئەندام پەرلەمان هەبوو بۆ پێکهێنانی حکومەت، بۆیە ئامینەی کاکەباوە، کە پەرلەمانتارێکی کوردە، لەگەڵ سۆشیال دیموکراتەکان دانوستانیکرد بۆ ئەو پرسە.