بەهۆی سكوید گەیمەوە كەسێك گولـلەباران كرا

حكومەتی كۆریای باكوور پیاوێكی بەهۆی فرۆشتنی دی ڤی دیی زنجیرە فیلمی سكوید گەیمەوە گولـلەبارانكرد و بڕیاری دا هەر كەسێك سەیری ئەو زنجیرە فیلمە بكات لەسێدارەی بدات.

ماوەیەكە زنجیرە فیلمی سكوید گەیم كە لەلایەن كۆریای باشوورەوە بەرهەمهێنراوە، لە سەكۆكانی سەیركردنی فیلم بڵاوكراوەتەوە و بینەرێكی زۆری لەسەر ئاستی جیهان هەیە، بەڵام بڵاوكردنەوە و سەیركردنی زنجیرە فیلمەكە لە كۆریای باكوور قەدەغەیە.

بەپێی ئێستگەی ئاسیای ئازاد “ئاڕ ئێف ئەی” كە لە سەرچاوەی ناوخۆی كۆریای باكوورەوە زانیاری وەرگرتووە، حكومەتی كۆریای باكوور پیاوێكی بەهۆی بەقاچاخبردن و بازرگانیكردن بە دی ڤی دیی زنجیرە فیلمی سكوید گەیمەوە لەسێدارەداوە.

سەرچاوەكە دەڵێت، “خوێندكارێكی دواناوەندی بەتۆمەتی سەیركردنی زنجیرە فیلمەكە سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە و شەش خوێندكاری تر بەهەمان تۆمەت سزای پێنج ساڵ زیندانیكردن و كاری قورس بەسەر هەر یەكێكیاندا سەپێندراوە، مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانەكانیشیان لەكارەكانیان دەركراون و بەپێی سەرچاوەكە ڕەنگە دووربخرێنەوە بۆ كاركردن لە كانە دوورە دەستەكانی كانزا و خەڵووزدا.

ئەم زنجیرە ڕووداوە كاتێك دەستیانپێكرد كە هەفتەی ڕابردوو خوێندكارێكی دواناوەندی لە كۆریای باكوور دی ڤی دیی زنجیرە فیلمەكەی كڕیوە و بەنهێنی لەگەڵ هاوڕێیەكیدا سەیریانكردووە، دواتر داویانە بە چەند هاوڕێیەكیان و ئەوانیش سەیری زنجیرە فیلمەكەیان كردووە و بەو شێوەیە لای دەسەڵاتداران ئاشكرابوون.

ئێستگەی ئاسیای ئازاد دەڵێت، “یەكێك لە خوێندكارەكان بەهۆی ئەوەی باوكی دەوڵەمەندە و سێ هەزار دۆلار بەرتیلی داوە بە حكومەت، لە سزادان دەربازبووە”.

سكواد گەیم زنجیرە فیلمێكی كۆریای باشوورە و لەلایەن نێتفلێكسەوە بەرهەمهێنراوە، كارەكتەرەكانی چەند كەسێكن ڕكابەری لەسەر ژمارەیەك یاری دەكەن كە لێكەوتەی كوشندەیان هەیە، بەڵام ئامانجی ئەوان بەدەستهێنانی خەڵاتێكی داراییە تا لەڕێگەیەوە قەرزەكانیان بدەنەوە.

كۆریای باكوور لەبارەی زنجیرە فیلمەكەوە دەڵێت، “دەریخست كە كۆریای باشوور شوێنی گەندەڵی و هیچ و پووچە بێڕەوشتەكانە”.

مانگی ڕابردوو نێتفلێكس ڕایگەیاند، 142 ملیۆن خێزان سەیری زنجیرە فیلمی سكوید گەیم-یان كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی بینەرێکی زۆری لەسەر ئاستی جیهان هەیە، زنجیرە فیلمی سکوید گەیم مشتومڕێکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە، یەکێک لە بۆچوونەکان ئەوەیە كە زنجیرەكە پاڵنەرێکە بۆ ئەنجامدانی کاری مەترسیدار لەناو منداڵاندا، بەڵام سەرباری ئەوەش بینەرەكانی لەزیادبووندان.

بابەتی پێشتر

فینێکس و واریەرز گەیشتنە بردنەوەی ژمارە (15)

بابەتی دواتر

سوید هەنگاوێکی دیکە لە خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان نزیکدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە چینەوە.. ڕکابەرێکی بەهێز بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی تێسلا پەیدادەبێت

کۆمپانیای SAICـی چینی ئامادەکاریدەکات بۆ خستنەڕووی ئۆتۆمبێلێکی پێشکەوتووی کارەبایی و چاوەڕواندەکرێت ببێتە یەکێک لە بەهێزترین ڕکابەرانی بەرهەمەکانی کۆمپانیای…
Total
0
Share