بانكی نێودەوڵەتی دەڵێت، عێراق بە گەیشتنە ساڵی 2050 ڕووبەڕووی كەمبوونەوەی ئاوی شیرین بەڕێژەی 20% دەبێتەوە بەهۆی گۆڕانی ئاووهەواوە، هۆشداریشدەدات لە كاریگەریی ئەو دۆخە لەسەر گەشە و كار.
ئاو بووەتە پرسێكی گرنگ بۆ عێراق، كە ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی 40 ملیۆن كەسە، لەگەڵ ئەوەی دەوڵەمەندە بە نەوت، بەڵام بەدەست گرفتی كەمیی كارەباوە دەناڵێنێت، لەئێستاشدا وشكەساڵی و كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاو بووەتە زەنگی مەترسی.
سارۆج مۆنار جها، بەڕێوەبەری هەرێمایەتیی فەرمانگەی ڕۆژهەڵاتی بانكی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوی هاوپێچی ڕاپۆرتێكی نوێدا دەڵێت، بەبێ گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەرچاو، ئەو كۆتوبەندەی كەرتی ئاو بەدەستیەوە دەناڵێنێت، زیانی گەورە بە كەرتە جۆراوجۆرەكانی ئابوریی عێراق دەگەیەنێت، كاریگەریی زیاتر و زیاتری دەبێت لەسەر توێژە زیاتر هەژارەكانی عێراق.
ڕاپۆرتەكە هۆشداری دەدات لەوەی “بە گەیشتنە ساڵی 2050، بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بە پلەیەك و كەمبوونەوەی دابارین بەڕێژەی 10%، دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئاوی شیرینی بەردەست بەڕێژەی 20% لە عێراق”.
دەشڵێت، لەسایەی ئەم دۆخەدا، ئاو ناگاتە نزیكەی یەك لەسەر سێی ئەو زەوییانەی پێشتر پێی دەگەیشت.
كەمبوونەوەی ئاو دەبێتە هۆی دابەزینی كۆی داهاتی ناوخۆ بەڕێژەی 4%، كە دەكاتە 6.6 ملیار دۆلار، بەراورد بە ساڵی 2016، وەك ئەوەی لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە.
ئاشكراشیدەكات، “دەگمەنبوونی ئاو” بووەتە هۆی “جێهێشتنی ناچارانەی سنووردار”، بەتایبەت لە ناوچەكانی باشووری عێراق.
هۆشدارییەكانی ڕاپۆرتەكە تەنها لەسەر ئەگەر و كاریگەرییەكانی ئاووهەوایە و هیچ قسەیەكی لەسەر گرتنەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە نەكردووە، كە ئەویش كاریگەریی گەورەی لەسەر كەمبوونەوەی ئاو لە عێراق هەبووە.
س: AFP+ RT