شاندێكی دادوەریی ئێران لە عێراقە و لێكۆڵینەوە لە كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەكات.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێكی دادوەریی ئێران سەردانی ئەنجومەنەكەی كردووە و لەگەڵ فائق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كۆبووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنەكە، كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندس و قاسم سولەیمانی و هاوڕێكانیان بووە و شاندەكەی ئێران لە چەندین كاربەدەستی دادوەری پێكهاتووە.
بەرەبەیانی 3ی كانونی دووەمی 2020 هەریەك لە ئەبو مەهدی موهەندس سەرۆكی ئەوكاتی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ژمارەیەك لە كارمەند و پاسەوانەكانیان، لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد بە بۆردومانی فڕۆكەی ئەمریكی كوژران.