ئەمریکا: لەگەڵ عێراق وەڵامی ئەوانە دەدەینەوە هێرشەکەی سەر ماڵی کازمییان ئەنجامدا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق وەڵامی ئەو هێرشە دەدەنەوە کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا کرایەسەر ماڵی مستەفا کازمی.

نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “پارێزگاری لە مافی هاوبەشیمان لەگەڵ عێراق دەکەین و وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە كە کرایە سەر سەرۆک وەزیرانەکەی”.

وتیشی، “ئەو هێرشە تەنها هێرش نەبوو بۆسەر خودی مستەفا کازمی، بەڵکو هێرشبوو بۆسەر سەروەریی عێراق”.

بە ناڕاستەوخۆ گومانی خستە سەر گروپەكانی نزیك لە ئێران، وتی، “پێشتر چەندین هێرشمان لەلایەن گروپەکانی سەربە ئێرانەوە بینیوە، بەڵام نامانەوێت پێش لێکۆڵینەوەکان بکەوین سەبارەت بە هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی”.

نێد پرایس دەڵێت، “بە عێراقمان ڕاگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەی هاوکاریی تەواوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیران”.

پێشتریش ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی دەکەن و داوای سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە دەکەن.

هەروەها پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دووپاتکردەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 7ی تشرینی دووەم بە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوای هێرشەکان مستەفا کازمی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە ڕایگەیاند، کە سەلامەتە و هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە.

بابەتی پێشتر

ئێران و تورکیا ئاو لە عێراق دەبڕن

بابەتی دواتر

چین وێنەی کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر زەوی دەکێشێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share