لە نوسراوێكدا بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پشتیوانیی خۆی بۆ داواكاری خوێندكاران لەبارەی گەڕاندنەوەی دەرماڵە دەردەبڕێت، داواش لە خوێندكاران دەكات بەشێوەی مەدەنی داواكانیان بگەیەنن.
نوسراوەكە ئاراستەی هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابوری و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كراوە و تیایدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، پشتگیری لە داواكاری خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی سنووری سلێمانی دەكات بە دەستپێكردنەوەی پێدانی دەرماڵەی خوێندن و باشتركردنی خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەكان.
دەشڵێت، بەهەموو شێوەیەك دژی بەكارهێنانی توندوتیژین كە بەرامبەر خوێندكاران بكرێت، پێویستە خوێندكارانیش بەشێوەی مەدەنی و شارستانییانە داواكارییەكانیان پێشكەش بكەن.
لە درێژەی خۆپیشاندانەكانیاندا بۆ داواكردنی گەڕاندنەوەی دەرماڵە، خۆپیشاندانی ئەمڕۆی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی.
سەبارەت بە داواكاری خوێندكاران، پێشتر ئەمین بابەشێخ، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، “ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتگیریی داوا ڕەواكانی خوێندکاران دەكەین و داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین داواكارییەكانیان بەهەند وەربگرێت و جارێكی تر دەرماڵەكانیان بۆ خەرجبكاتەوە و چارەسەری گرفتەكانیان بكات”.
ئاماژهى بهوهشكرد، “داوا لە هێزە ئەمنییەكان دەكەین دان بەخۆدا بگرن و بەهیچ شێوەیەك توندوتیژی بەكارنەهێنن بەرامبەر خوێندكارانی خۆپیشاندەر لەبەرئەوەی داواكارییەکانیان ڕەوان و مافی خۆیانە”.
دەقی نوسراوەكە: