“ئەو تێكدەرانەی داواكاری ڕەوای خوێندكارانیان قۆستووەتەوە دەستگیردەكرێن”

پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان لە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی سلێمانی

سەرچاوەیەكی بەرپرس ڕایدەگەیەنێت، ھێزە ئەمنییەکان دەستیانکرد به دەستگيركردنى “ئەو تێکدەرانەی داواكارى ڕەوای خوێندکارانیان قۆستۆتەوە”.

سەرچاوەیەكی بەرپرس و ئاگادار ڕایگەیاند، “ھێزە ئەمنییەکان دەستیانکرد به دەستگيركردنى ئەو کەسە تێکدەرانەی داواكارى ڕەوای خوێندکارانیان قۆستۆتەوە و ئاڕاستەی خۆپیشاندانی ھێمنانەی خوێندکارانیان گۆڕیوە بۆ توندوتیژی و تێکدانی ئارامی شار و شێواندنی شەقام و بينا و باڵەخانە گشتییەکان”.

لە درێژەی خۆپیشاندانەكانیاندا بۆ داواكردنی گەڕاندنەوەی دەرماڵە، ئەمڕۆ خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی.

پێشتر یەكێك لە نوێنەرانی خوێندكاران لەکاتی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکەدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێمە پێنج داواکاریمان هەیە، ئەو داواکارییانەمان جێبەجێبکەن داواکاریی دیکەمان نییە، هیچ خوێندکارێک لەخۆڕا نەهاتووە بۆ خۆپیشاندان”.

وتیشی، “خوێندکارەکان بۆ ئەوە هاتوون لەبەردەم پارێزگا خۆپیشاندان بکەن، بەڵام ئێستا کەسانێک ئاراستەی خۆپیشاندانەکەیان گۆڕیوە بۆ ناوبازاڕ و سەرا بۆئەوەی گرژی دروستببێت و خۆپیشاندانەکە بڵاوەی پێبکرێت”.

داوای لە خوێندکاران کرد بەئارامی بەردەوامبن بەبێ ئەوەی هیچ گرژییەک دروستبکرێت و وتی، “تائێستا بەباشی هێناومانە با ئاراستەکەی نەگۆڕدرێت”.

سەبارەت بە داواكاری خوێندكاران، ئەمین بابەشێخ، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، “ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتگیریی داوا ڕەواكانی خوێندکاران دەكەین و داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین داواكارییەكانیان بەهەند وەربگرێت و جارێكی تر دەرماڵەكانیان بۆ خەرجبكاتەوە و چارەسەری گرفتەكانیان بكات”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، “داوا لە هێزە ئەمنییەكان دەكەین دان بەخۆدا بگرن و بەهیچ شێوەیەك توندوتیژی بەكارنەهێنن بەرامبەر خوێندكارانی خۆپیشاندەر لەبەرئەوەی داواكارییەکانیان ڕەوان و مافی خۆیانە”.

داواش لە خۆپیشاندەران دەكات خۆپیشاندانەكانیان بەشێوەیەكی ئاشتییانە و شارستانییانە و سەردەمییانە بەڕێوەبەرن و دووربكەونەوە لە هەموو كارێكی توندوتیژ و “ڕێگەنەدەن بە هەندێك لایەنی نا بەرپرس خۆپیشاندانەكەیان بقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندیی سیاسەتی هەڵەیان” .

بابەتی پێشتر

ڕانیە.. تۆمەتبارێك دوای ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پۆلیس دەستگیركرا

بابەتی دواتر

ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌ لیژنه‌ی باڵای ئه‌منیی سلێمانییه‌وه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share