ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتهكنیكی سلێمانی بڕیاری دا ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆكە ڕابگرێت، زانكۆی هەڵەبجەش هەمان بڕیاری پەسەندكرد.
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بڵاویكردەوە، پاشنیوهڕۆی ئهمڕۆ ئهنجومهنی زانكۆی پۆلیتهكنیكی سلێمانی به ئۆنلاین كۆبوونهوهی ژماره 5ی نائاسایی خۆی ئهنجامدا و پاڵپشت بهو دەسەڵاتەی کە پێیدراوە، بڕیاری دا ڕۆژانی چوارشهممه و پێنجشهممه 24 و 25ی تشرینی دووەم پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم کۆلێج و پەیمانگاکانی سەر بە زانکۆكەیان ڕابگیرێت.
دەشڵێت، لهگهڵ داوا ڕهواكانی خوێندكارانه بۆ گهڕاندنهوهی دهرماڵه و دابینكردنی ههموو پێداویستییهكانی پرۆسەی خوێندن و بهشه ناوخۆییهكان، هەروەها پێدانی دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی بە زانکۆکان لەپێناو باشتر خزمەتکردنی خوێندکاران و بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی زانکۆی هەڵەبجە بڕیاریدا ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بەفەرمی دەوامی خوێندکاران ڕابگیرێت.
دەشڵێت، لەهەمان کاتدا بەشە ناوخۆییەکان لە کاتژمێری 10ی سبەی چوارشەممە دادەخرێن.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لەبەر بەرژەوەندیی خوێندكاران و بۆ پاراستنی گیانیان و دوورخستنەوەی كەسوكاریان لە ترس و نیگەرانی، ئەنجومەنی زانكۆ بڕیاری دا خوێندن بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، لە 24 و 25ی مانگ ڕابگرێت.
وتیشی، دەوامی خوێندن لە زانكۆ ڕۆژی یەكشەممەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێدەكاتەوە.
ڕاگرتنی دەوامی خوێندن لەكاتێكدایە، ماوەی چەند ڕۆژێكە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی و ناوچەكانی دەوروبەر خۆپیشاندانیان بۆ داواكردنی گەڕاندنەوەی دەرماڵە دەستپێكردووە.