وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئامۆژگاریی هاوڵاتییەکانی وڵاتەکەی دەکات گەشت نەکەن بۆ عێراق بەهۆی مەترسیی تیرۆر و ڕفاندن، “چونکە تواناکانی عێراق بۆ پاڵپشتی و پاراستنی هاوڵاتییانی ئەمریکی سنووردارە”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە پێگەی فەرمیی خۆی بڵاویکردووەتەوە ژمارەیەک هۆکاری وەک مەترسییەکانی سەر گەشتیارانی وڵاتەکەی لە عێراق ئاشکراکردووە، “تیرۆر، ڕفاندن، ململانێی چەکداری، پێکدادان، ئاڵۆزیی چالاکییە مەدەنییەکان و COVID-19 ئەو مەترسییانەن کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بۆ سنوورداریی تواناکانی عێراق دەکات لە چاودێریکردن و پاراستنی هاوڵاتییانی ئەمریکی لەکاتی گەشتكردن بۆ ئەو وڵاتە، بەوهۆیەوە ئامۆژگارییان دەکات گەشتی عێراق نەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەگەری هەڕەشەكانی زیاتر ڕوونكردووەتەوە، دەڵێت، هاوڵاتییانی ئەمریکی لە عێراق ڕووبەڕووی توندوتیژی و ڕفاندن دەبنەوە، گروپە تیرۆریستی و توندڕەوەکان هێرشدەکەنەسەر هێزە ئەمنییە عێراقییەکان، هاوڵاتییانی سڤیل و هەروەها بەشێوەیەکی ڕێکخراو بۆسەر ئەمریکییەکان.
دەڵێت، گروپە چەکدارە تائیفییەکان هەڕەشەن بۆسەر هاوڵاتییانی ئەمریکی و کۆمپانیا بیانییەکان لەسەرتاسەری عێراقدا، هێرشەکانیان لە ڕێگەی بۆمبی چێنراو لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و بەتایبەت بەغداد ئەنجامدەدەن.
”خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان و پێکدادانی ناو خۆپیشاندانەکان بە بەردەوامی ڕوودەدەن، ئەمەش دەبێتەهۆی پەککەوتنی هاتوچۆ و گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە و دەکرێت بگۆڕێت بۆ کاری توندوتیژی”، وەزارەتەكە وادەلێت”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، ناوەندی چاودێری و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC) ئاستی مەترسیی عێراقی لەڕووی تەندروستییەوە بۆ پلەی چوارەم بەرزکردووەتەوە و ئاماژەی بۆ بەربڵاویی زۆری کۆرۆنا لە عێراق کردووە.