زانكۆی سلێمانى: له‌سه‌ر گرژییه‌كانى ئه‌مڕۆ لیژنه‌ دروستده‌كه‌ین بۆ ده‌رخستنى ڕاستییه‌كان

سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆی سلێمانى له‌باره‌ى خۆپیشاندانى خوێندكاران و گرژییه‌كانى ئه‌مڕۆ ڕاگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت، لیژنەیەکی بەدواداچوون لەسەر ئاستی زانکۆ دروستدەکەین بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی.

له ‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆی سلێمانیدا هاتووه‌، “ئێمەش وەک سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی ئەم داواکارییەی خوێندکاران بە ڕەوا دەبینین و پشتگیریی تەواوی دابینکردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی زانکۆ دەکەین، ئاگادارین کە چینی خوێندکارانی زانکۆ لەم قۆناغەدا بە چ بارودۆخێکی دارایی ناهەمواردا تێدەپەڕن”.

سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆی سلێمانى جه‌خت لە پاراستنی حەرەمی زانکۆ ده‌كاتەوە‌ و ده‌ڵێت، “ئیدانەی هەر پێشێلکارییەک و توندوتیژییەک دەکەین کە لەدەرەوەی یاسا و ڕێنماییەکان ئەنجامدرابێت”.

دەشڵێت، پێشتر چەندین جار ئەو داواکارییەی خوێندکاران له‌گه‌ڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا گفتوگۆی لەسەر کراوە و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی کراوە.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:-

ئاشکرایە ماوەی دوو رۆژە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی هاوکات لەگەڵ خوێندکارانی بەشێک لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، دەستیان بەخۆپیشاندان کردووە بۆ داواکردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی زانکۆ، کەلەساڵی (2014)ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لەسەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەستێنراوە .

ئێمەش وەک سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ئەم داواکارییەی خوێندکاران بەڕەوا دەبینین و پشتگیری تەواوی دابینکردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی زانکۆ دەکەین، وە ئاگادارین کە چینی خوێندکارانی زانکۆ لەم قۆناغەدا بە چ بارودۆخێکی دارایی ناهەمواردا تێدەپەڕن، وە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە پێشتر چەندین جار ئەم داواکارییەی خوێندکاران لەلایەن ئەنجومەنی زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا گفتوگۆی لەسەر کراوە و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، یەکێکیش بووە لەکارنامەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

هەر بۆیە لە ڕوانگەی خەمخۆریمان بۆ خوێندکارانی زانکۆ جارێکی تر جەخت دەکەینەوە لەسەر داواکارییان بەدابینکردنی دەرماڵەی زانکۆیی بۆیان. وە لەئەنجامی خۆپیشاندانەکانی دوێنێ و ئەمڕۆدا، بەداخەوەچەند بەریەککەوتنێکی نەخوازراو لەنێوان خوێندکارانی زانکۆ و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکاندا ڕویداوە، ئێمە وەک سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی جەختدەکەینەوە لەسەر پاراستنی حەرەمی زانکۆ و ئیدانەی هەر پێشێلکارییەک و توندوتیژییەک دەکەینەوە کەلەدەرەوەی یاسا و رێنماییەکان ئەنجامدرابێت، هەربۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی بەدواداچون لەسەر ئاستی زانکۆ دروست دەکەین بۆ دەرخستنی راستییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی.

داواکارین لە خوێندکارانی زانکۆکەمان بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانیان وبەردەوامی ڕەوتی خوێندن پابەندبن بە خوێندنی وانەکانیان و داواکارییەکانیان بەشێوازێکی شارستانی پێشکەش بکەن بەجۆرێک کەلە ئاستی پێگەی خوێندکاری زانکۆدا بێت، ئێمەش وەک هەمیشە پشتیوانی داوا رەواکانیان دەکەین و بەدواداچونمان بەردەوام دەبێت لە پێناو دابینكردنی دەرماڵەی مانگانە بۆ سەرجەم خوێندكارانی زانكۆكانی ھەرێمی كوردستان.

سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی

بابەتی پێشتر

هەواڵێکی ناخۆش بۆ ژنان.. چارەسەرێکی دژەکۆرۆنا بۆ پیاوان کاریگەرترە

بابەتی دواتر

لەمەودوا گەر شۆفێر مەی خواردبێتەوە ئۆتۆمبێلەكەی كارناكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share