ڕۆژهەڵاتی كوردستان.. لە مانگێكدا 103 پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ تۆماركراون

10 كۆڵبەر و كاسبكار لە سنوورەكانی كوردستان بوونەتە قوربانی

لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیكەم 103 حاڵەتی پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان تۆماركراون، وەك ئەوەی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوەكە، لەو مانگەدا (بەپێی مانگی كوردی) 10 كۆڵبەر و كاسبكار لە سنوورەكانی كوردستان بوونەتە قوربانی، چواریان گیانیان لەدەستداوە، كۆڵبەرێك بە تەقەی ڕاستەوخۆ كوژراوە و سێ كۆڵبەری دیكەش بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە.

هاوكات شەش كۆڵبەر برینداربوون، كە یەكێكیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ بووە.

هەنگاو دەڵێت، لانیكەم هاوڵاتییەكی خەڵكی هەرسین بەتۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست لە یەكێك لە گرتووخانەكانی كەرەج لەسێدارەدراوە، هەروەها چوار بەندكراوی خەڵکی نەغەدە، خۆی و سنە لە گرتووخانەی ئورمیە و سنە گیانیان لەدەستداوە، سیانیان لەژێر ئەشكەنجەدا بووە.

بەهۆی تەقینەوەی مین-یشەوە لانیكەم شەش هاوڵاتی لە شارەكانی مێهران، سەردەشت، قەسری شیرین و بانه بوونەتە قوربانی، وەك ئەوەی لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە.

هەروەها سێ هاوڵاتیی مەدەنی لە شارەکانی ڕوانسەر و ماکۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیا برینداربوون و هاوڵاتییەکی خەڵکی ئورمیەش بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

ئاشكراشیدەكات، هەر لەو مانگەدا لانیكەم 69 هاوڵاتی، كە سێیان ژن و چواریان مێردمنداڵن، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و مەدەنی دەستبەسەرکراون.

جگە لەوەی پێنج هاوڵاتیی دیكە بەتۆمەتی چالاکیی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی سزای 15 ساڵ و 9 مانگ بەندکران و لێدانی 60 قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

سەبارەت بە ڕووداوەكانی كاریش ڕێكخراوەكە دەڵێت، لانیكەم شەش كرێكاری خەڵکی شارەکانی پیرانشار، قوروە، میاندواو، سنە و پاوە لەکاتی کارکردن و بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە.

بابەتی پێشتر

كامێرایەك دروستكرا توانای بینینی ژێرپێست و ناوەوەی گۆشتی هەیە

بابەتی دواتر

میلان دەبێتەوە بە گەورەی ئەوروپا؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی بەنزین دادەبەزێت

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی مۆڵەتی هاوردەكردنی بەنزین درایە بازرگانان، نرخی هەر لیترێكی بەنزین 40-50 دینار…
زیاتر ببینە

قائیمقامیه‌تی سلێمانی كۆگایه‌كی ئاماده‌كردنی خوارده‌مه‌نی داده‌خات

لیژنه‌ هاو‌به‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی كۆگایه‌كی ئاماده‌كردنی خوارده‌مه‌نی داده‌خه‌ن و سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ش ده‌ڵێت بۆ پاراستنی ته‌ندروستی خۆتان خواردنی سه‌ردانه‌پۆشراو…
Total
0
Share