وتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەنێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت (ساڵۆن)دا لەسەر ڕێگای چەمچەماڵ ــ کەرکوک لە نزیک بانی مەقان شەش کەس گیانیان لەدەستدا.
شەریف ڕەحیم، وتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە ڕووداوەکەدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە، کە پێکهاتوون لە سێ پیاو، دوو منداڵ و ژنێک، هاوکات شۆفێری بارهەڵگرەکەش بریندار بووە”.
وتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ، ئاشکرایکرد، “ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە، هەموویان سەرنشینی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە بوون و خەڵکی ناحیەی قەرەهەنجیرن”.
بەپێی زانیارییەکان، لە ڕووداوەکەدا، ئەو شەش کەسە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی دەکرێن.