خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاكان داوای گەڕانەوەی دەرماڵە دەکەن

بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاكان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ‏گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا بۆ گێڕانەوەی دەرماڵەی خوێندکاران.‏

لە ساڵی 2015 دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی، دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی ‏زانکۆ و پەیمانگاکان ڕاگیرا، کە بڕەکەی لە 30 هەزارەوە تا 100 هەزار دیناری عێراقی ‏بوو.‏

یەکێک لە خوێندکارەکانی ناو گردبوونەوەکە لە شاری هەولێر و لەبەردەم وەزارەتی ‏خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ڕێکخراوە خوێندکارییەکانی ناو زانکۆ ‏ئامادەن بۆ ئاهەنگە حزبییەکان بێن و خوێندکاران کۆبکەنەوە، بەڵام نایەن لەسەر مافی ‏خوێندکاران هیچ هەڵوێستێک نیشانبدەن”. ‏

داواشی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەرلەمانی کوردستان کرد بەدەم داواکارییەکەیانەوە ‏بچن و وتی، 48 پەرلەمانتار کار بۆ داواکارییەکەیان دەکەن و “داوادەکەین ‏پەرلەمانتارەکانی دیکەش واژوو لەسەر داواکارییەکەمان بکەن”. ‏

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ لەسەر ‏شەقامی 60 مەتری بۆ هەمان مەبەست گردبوونەوەیان ئەنجامدا و بۆ ماوەیەک ‏شەقامەکەیان داخست.‏

یەکێک لە خوێندکارەکانی بەشدار لە گردبوونەوەکە وتی، ئەو دەرماڵەیە هەرچەند کەمیش ‏بێت بۆ خویندکارانی هەژار و کەمدەرامەت دەتوانێت بەشێک لە پێداویستییەکان ‏پڕبكاتەوە، “ئێمە چوار ساڵە لە زانکۆین و دەرماڵەمان پێنەدراوە، کە مافێکی خۆمانە و ‏داوای گەڕاندنەوەی دەکەین”.‏

هەر ئەمڕۆ لە گەرمیان و ڕاپەڕین بەهەمان شێوە گردبوونەوەی خوێندكاران بۆ ‏گەڕاندنەوەی دەرماڵە بەڕێوەچوو.‏

بابەتی پێشتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

فەرمی.. سۆلشایەر لە پۆستی ڕاهێنەرایەتیی مانچستەر یونایتد دوورخرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share