برێت مەكگۆرك جەختدەكاتەوە كە وڵاتەكەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەجێناهێڵێت و پشتیوانیی عێراق دەكات، ئێرانیشی بە نەیار ناوبرد، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوەی چەكدارانەی لەگەڵ ئەو وڵاتە بەدوورزانی.
برێت مەكگۆرك ڕێكخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە كۆڕبەندی مەنامە 2021 بۆ ئاسایش ڕایگەیاند، “لێرە چەند جارێك ئەو پرسیارەم لێكرا كە ئایا ئەمریكا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەجێدەهێڵێت؟ ڕێگەمبدەن بەڕوونی قسەبكەم: ئەمریكا ناچێت بۆ هیچ شوێنێك”.
مەكگۆرك پشتیوانیی وڵاتەكەی لە عێراق و دەستوور و دامەزراوە دەستوورییەكانی دووپاتكردەوە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا ڕوو لە باشبوونن.
ئەو دیپلۆماتكارەی ئەمریكا، ئێرانی بە نەیاری وڵاتەكەی ناوبرد و وتی، “ئێمە كراوەین بەڕووی دانوستاندن لەبارەی چەند دۆزێكەوە، بەڵام سیاسەتی واشنتن سەبارەت بە ئێران ڕوونە: ئەوان نەیارێكی ئاشكرای ئێمەن”.
برێت مەكگۆرك ئاشكرایكرد كە وڵاتەكەی ناچێتە شەڕەوە لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران، “بەڵام ئێران دەزانێت ئێمە هەمیشە گەلەكەمان دەپارێزین و بە جەربەزەییەوە ڕەفتاردەنوێنین ئەگەر پێویستبێت”.
ئەمە دوای ئەوە دێت دوێنێ كەتیبەكانی سەید شوهەدا لە عێراق، جەختیكردەوە كە ئەگەر ئەمریكا لە كۆتایی ئەمساڵدا لە عێراق نەكشێتەوە، ئەوا شەڕی لەدژ بەرپادەكات.