وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه بۆ ئاكار: بە بەڵگەنامەی عوسمانییەكاندا دەزانیت كوردستان كوێیە‏

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وه‌ڵامى خلوسی ئاكار وه‌زیری ‏به‌رگریی توركیای دایه‌وه‌، كە وتبووی “شوێنێك نییە بەناوی كوردستان”، دەڵێت، “جێگەی ‏پرسیارە كەسێك لە پێگەیەكی فەرمیی دەوڵەتدا ڕێگە بە خۆی بدات ئینكاریی واقیعێكی ‏مێژوویی و دیمۆگرافی و جیۆگرافی بكات”، وەزارەتەكە بە ئاكار دەڵێت، “خۆشت ‏سەردانی هەرێمی كوردستانت كردووە”.‏

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، “وتەكانی خلوسی ئاكار ‏وەزیری بەرگریی توركیا لەمەڕ ئینكاركردنی كوردستان جێگەی سەرسوڕمانە، بۆ ئێمە ‏جێگەی پرسیارە كەسێك لە پێگەیەكی فەرمیی دەوڵەتدا ڕێگە بە خۆی بدات ئینكاریی ‏واقیعێكی مێژوویی و دیموگرافی و جیۆگرافی بكات، كە لە ڕاستیدا خۆشی قەناعەتی پێی ‏نییە”. ‏

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ پرسیارى ئه‌وه‌ده‌كات، كه‌ “ئەو بەڕێزە خۆشی سەردانی ‏هەرێمی كوردستانی كردووە و پێمان ناڵێت ئەو شوێنەی سەردانی كردووە كوێیە و ناوی ‏چییە؟”.‏

‏”ئەگەر ئەم بەڕێزە لە بوونی جیۆگرافیای كوردستان هەر گومانی هەیە، با ئاوڕێك لە ‏بەڵگەنامە و مێژووی عوسمانییەكان بداتەوە، ئینجا بۆی دەردەكەوێت كوردستان هەیە یان ‏نییە”، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا واده‌ڵێت. ‏

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ جه‌ختى له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌، “عەقلیەتی ئینكاركردنی میللەتێك و ‏جیۆگرافیاكەی هەمیشە سەرچاوەی كێشە و گیروگرفت بووە و بە هیچ ئەنجامێك ناگات”.‏

بابەتی پێشتر

زانیاری لەبارەی مووچەی ئەم مانگە بڵاوكرایەوە

بابەتی دواتر

قوباد تاڵە‌بانی: کێلى شەهیدەکانمان گەورەترین ناسنامەمانە‌‏

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share