چارەنووسی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم لەنێوان بۆچوونی لایەنەکاندا

هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم، جارێکی دیکە گفتوگۆ و تێڕوانینی جیاوازی لایەنەکانی هەرێمی دەستپێکردەوە و زۆرینەی لەلایەنەکان پێیان باشە، سیستمی هەڵبژاردنی داهاتوو فرەبازنیەیی بێت و یاسایی دانانی ئەندامانی کۆمسیۆن هەموار بکرێتەوە، ئەگەرچی پارتی زیاتر لەگەڵ هەموار نەکردنەوەیدایە.

پرسی دەنگدەر و ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، جێگای گفتوگۆی کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان بوو، زۆرینەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدان، تۆماری دەنگدەران پاکبکرێتەوە.

لایەنەکانی هەرێم دەیانەوێت هەڵبژاردنی داهاتوو چۆن بێت؟

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە، تۆماری دەنگدەران پاکبکرێتەوە، بۆئەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم پاک و بێگەردبێت و ئەوەشمان داوا کردووە”.

زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، لە پەرلەمانی کوردستان وتی، “لەگەڵ ئەوەین کۆمسیۆن و ئەنجومەنەکەی هەمواربکرێنەوە و لایەنێک بتوانێت ئەندامێکی خۆی لە کۆمسیۆنەکەدا گۆڕانکاری پێبکات، کە ئەمە داوای زۆرینەی لایەنەکانە”.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاشکرایکرد، “یەکێتی لەگەڵ فرەبازنەییدایە بۆ هەڵبژاردنەکان و هەموو هەوڵەکانمان ئەوەیە، بگەینە پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ پاراستنی مافی دەنگدەر و لایەنەکان و پاکی پرۆسەی هەڵبژاردن”.

زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆچوونی حزبەکەی سەبارەت بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن خستەڕوو، و ڕایگەیاند، “ئێمه‌ وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌می به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی داهاتوو، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ساڵی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت، پێویستیمان به‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌نجومه‌نێكی تازه‌ له‌سەر بنه‌مای ئیستحقاقی ساڵی 2018ی په‌رله‌مانی كوردستان دروست بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پێكهاته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌گوێره‌ی قه‌باره‌ی ده‌نگه‌كانی هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی و ژماره‌ی كورسییه‌كانیان له‌ په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نێكی نوێ هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌ و پێكهاته‌كانی ناو ئه‌نجومه‌ن و پێكهاته‌كانی توركمان و مه‌سیحیی وه‌ك خۆیان داوایانكرد، خۆیان نوێنه‌ری خۆیان له‌ناو ئه‌نجومه‌ن ده‌ستنیشان بكه‌ن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “رای فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا له‌ ساڵی 2022 به‌ڕێوه‌یچێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، باشترین بژارده‌ بۆ ئه‌وه‌ی هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن نه‌هێڵینه‌وه‌، سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018 په‌یڕه‌و كراوه‌ و یاسای هه‌ڵبژاردنیش له‌ هه‌رێمی كوردستان هیچ بۆشاییه‌كی یاساییی تێدا نییه‌، بۆیه‌ پێویستمان به‌ هه‌ماورێكی نوێی یاساكه‌ی نییه‌”.

ڕوانگەی یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر سیستمی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم ئەوەیە، هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، ئەمە وەک شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان وتی، “ئێمە لەگەڵ یاسای فرەبازنیەییدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو و بازنەی داخراو، جۆرێکە لە پاشەکشە لە پرۆسەی دیموکراسی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “یەکگرتووش دەیەوێت تۆماری دەنگدەران پاکبکرێتەوە و مافی دەنگدان و دەنگدەر وەک ستانداردێکی جیهانی پارێزگاری لێبکرێت”.

بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان داوای دوو سیستمی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کردووە، “یەکەم، سیستمی سویدی بۆ هەڵبژاردن، کە پارێزگاری لە مافی لایەنەکان دەکات لەسەر ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنەکاندا هێناویەتی، واتە ئەگەر کاندیدێک لە بازنەیەکدا دەنگی پێویست و زیاتری هێنا، دەنگەکان نەفەوتێت و بگەڕێتەوە بۆ دەرچوونی کاندیدێکی دیکەی هەمان حزب”.

گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئێمە پێمان باشە، تۆماری بایۆمەتری دەنگدانی ئەمساڵی عێراق بکرێتە بنەما بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم، حکومەت لە ڕێگای وەزارەتەکانەوە بتوانێت تۆمارێکی پوخت لە دەنگدەران پێکبهێنێتەوە”.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاشکراشیکرد، بەشێکی زۆری لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدان یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیاران هەموار بکرێتەوە و گۆڕانکاری تێدابکرێت، بە تەوافقی نێوان لایەنەکان.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) لیڤه‌رپوڵ به‌ چوارینه‌ ئارسیناڵی کوتا به‌زه‌ویدا و گه‌ڕایه‌وه‌ پله‌ی دووه‌م

بابەتی دواتر

تاوانه‌ و سزاده‌درێت.. ڕه‌گه‌زنامه‌ى سلێمانى هاوڵاتییان له‌ دیارده‌یه‌كى نایاسایی ئاگادار ده‌كاته‌وه‌

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كاروانێكى دیكه‌ى كۆچبه‌ران له‌ بیلاڕوسیاوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌رێم

بڕیاره‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ كاروانێكی دیكه‌ی كۆچبه‌ران له‌ بیلاڕوسیاوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌‌ ‏فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر.‏ په‌یامنێرى تۆڕی میدیایی ئێستا له‌ هه‌ولێر…
Total
1
Share