بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە ڕۆژی شەهیدی یەکێتیدا ڕایگەیاند، ڕەوتی ڕێكخستنەوەی ژیانی حزبایەتی پشتبەستوو بە شکۆی خوێنی شەهیدان بەردەوامی دەبێت، “یەکێتییەکەی مام دەبوژێنینەوە و لەبەرامبەر میللەت، کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان وەفادارین”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، “ڕۆژی شەھیدی یەکێتی بۆ ئێمە ڕۆژی وەفا و پابەندبوونمانە بە ڕێبازی خوێنی شەھیدان و درێژەپێدان بەو خەباتەی لەبەردەم پەتی سێدارەدا دروشمی (کەم بژی و کەڵ بژی) بەرزکردەوە، لە بەرامبەر ئەم شکۆیەدا بەڕامانێکی قوڵەوە بەرەو داھاتوویەکی گەشتر ھەنگاودەنێین و ئەم ئیرادەیە راوەستانی بۆ نییە”.
لە پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردوووە، “بۆ ئەم قۆناغە و قۆناغی داھاتووش کە بەرھەمی خەباتی تێکۆشانی سەختی چەکداری، سیاسی و دبلۆماسییەکی سەرکەتوو بووە لە دروستکردنی کیانی خۆبەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان، کە پشکی شێری ئەو سەرکەوتنە بەر یەکێتی و تێکۆشەر و شەھیدەکانی دەکەوێت، بۆیە یەکێتی حزبی سەرکەوتنە، ئەم حزبی سەرکەوتنەش کۆڵنادات لە خەباتی نوێی دیموکراسی، پەرلەمانیی و نەتەوەیی لە چوارچێوەی ھەرێم و عێراقدا تا گەلەکەمان بە تەواوی مافەکانی دەگات و ژیانێکی خۆشگوزەران و شایستە بۆ کۆمەڵانی خەڵک مسۆگەردەکات، ئەم ئامانجەش بە پشتیوانی تاک بە تاکی گەلەکەمان بەدیدێت لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەھەمان دڵسۆزی و پەرۆشییەوە کە لەھەموو وێستگەکانی خەباتدا لە یەکێتییەکەیان کردووە”.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا بافڵ تاڵەبانی وتویەتی، “سەری رێز و نەوازش بۆ شەھیدەکانمان دادەنەوێنین و لەبەردەم گڵکۆی بەرزیاندا بەڵێن دووپاتدەکەینەوە پارێزەری یەکێتی و یەکێتییەکان دەبین”.