جگە لە تاوانباری سزادراو، هەموو ئەو تۆمەتبارانەی لەسەر دۆسیەی كوشتنی خانەوادە كوردەكەی كۆنیا دەستگیركرابوون، ئازادكران.
ئێوارەی ڕۆژی 30ی تەمموزی ئەمساڵ، خانەوادەیەكی كوردی حەوت كەسی، لە شاری كۆنیای توركیا بە دەسترێژی گوللـە كۆمەڵكوژ كران، بۆ شاردنەوەی تاوانەكەش بكوژەكە خانووی خانەوادەكەی سووتاند.
لەسەر تاوانەكە، 13 كەس دەستگیركران، تۆمەتبارە سەرەكییەكە، كە ناوی محەمەد ئاڵتونــە، دادگایی كرا و سزای حەوت جار زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام بە چەند جارێك، تەواوی دەستگیركراوەكانی دیكە ئازادكران.
دوایین دەستگیركراو كە ئازادكرا، دوێنێ هەینی بوو، خزمێكی نزیك لە ئاڵتون ئازادكرا.
زۆربەی لێكدانەوەكانی تاوانەكە بەرەو ئەوە بوون كە پاڵنەرەكانی پشت تاوانەكە ڕەگەزپەرستی بووە، بەڵام هەر زوو دەسەڵاتدارانی توركیا ڕەتیانكردەوە هیچ پاڵنەرێكی ڕەگەزپەرستیی دژەكورد لەپشت تاوانەكەوە بێت، بەو پێیەی پێش کۆمەڵکوژکردنی ئەو خانەوادە کوردە، ڕۆژی 12ی ئایاری ئەمساڵ، لەلایەن خانەوادەی تاوانبارەكە و خانەوادەیەكی تری دراوسیێیانەوە، هێرشیان کرابووەسەر و لێیاندرابوو.
بەڵام ڕەوتی یاسایی و دادگاییكردنەكە ئەوەی سەلماند، كە دەسەڵاتداران و دەسەڵاتی دادوەریی توركیا ڕەتیدەكەنەوە مۆركی ڕەگەزپەرستی بدەن بە تاوانەكە.