وەزیری پەروەردەی هەرێم دەڵێت، ڕەزامەندیی دابینكردنی حەوت ملیۆن لیتر نەوت بۆ خوێندنگاكان لە ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوە و تەندەری بۆ ڕاگەیەندراوە، هۆشداریشی دا لەوەی تا سەرەتای مانگی داهاتوو پێویستە تەواوی مامۆستایان ڤاكسینیان وەرگرتبێت، ئەگەر نا، پەروەردەكان دەسەڵاتی یاسایی خۆیان بەكاردەهێنن.
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دەوامی قوتابخانە و خوێندنگاكان بە خۆپارێزییەوە بەردەوام دەبێت، ڤاكسین بۆ مامۆستایان دابینكراوە، دوا مۆڵەت بۆ وەرگرتنی ڤاكسین بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە 1ی كانونی یەكەمی داهاتووە.
وتیشی، “لەدوای ئەو بەروارەوە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگاكان دەتوانن دەسەڵاتی یاسایی خۆیان بەكاربهێنن بەرامبەر ئەو مامۆستایانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە”.
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا بەوەی چ هەوڵێكیان داوە بۆ ئەوەی گرفتی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ ساڵی نوێی خوێندن چارەسەربكرێت و دووبارە نەبێتەوە، ئالان حەمەسەعید وتی، “ئەمساڵ ئەو گرفتەمان پێكەوە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا چارەسەركردووە و هاوكاریان بووین و بەیەكەوە كاری جدیمان كردووە”.
وتیشی، “بەڵام بابەتی وەرگرتنی خوێندكاران لە ئەلفەوە تا یا-ی پەیوەندیی بە وەزارەتی پەروەردەوە نییە، دەبێت هەموو لایەك ئەوە بزانن كە ئێستا ژمارەی خوێندكار زۆرە، ڕێژەی دەرچوونی خوێندكاران ساڵی پار لە 50% كەمتر بووە”.
وەزیری پەروەردە دووپاتیشیكردەوە، “پلانی وەرگرتنی زانكۆكان ئێمە داینانێن و ئێمە پەسەندی ناكەین و ئێمەش بڕیاری لێنادەین، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری لێدەدات، خوێندكار دەردەچێت نمرەی چەند دەهێنێت، نمرەكەی دەنێرین بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا”.
سەبارەت بە وەرگرتنی سووتەمەنیش بۆ خوێندگاكان ئەوەی خستەڕوو، ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانیان وەرگرتووە بۆ دابینكردنی حەوت ملیۆن لیتر نەوتی سپی، بەڵام تەندەری دابینكردنی لە دیوانی پارێزگاكان دەبێت و لەناو پەروەردە نابێت.
ئالان حەمەسەعید ئەوەشی وت، بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردەی ئاگاداركردووەتەوە ”ئەگەر پێویستیان بەوەبێت دابینكردنی نەوتەكە بە تەندەر نەكرێت بۆ ئەوەی قوتابخانەكان زووتر نەوتیان پێبگات، ئامادەین هەڵاوێر (استثناء) لە ئەنجومەنی وەزیران وەربگرین”.