سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا ڕەخنە لە پرۆژەیەكی ڕاكێشانی غاز دەگرێت و داوا لە ئەڵمانیا دەكات واز لە پرۆژەكە بێنێت و هەماهەنگی بكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتی كۆچبەران لەسەر سنوورەكانی لەگەڵ بیلاڕوسیا.
ماتیۆش مۆراڤیتسكی، سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی (بیڵد)ی ئەڵمانی ڕایگەیاند، “لێرە لە پۆڵەندا پارێزگاری لە سنووری یەكێتیی ئەوروپا دەكەین! ئەگەر باس لە وێنە گەورەكە بكەین، با پێكەوە كار بۆ ئاشتی بكەین و پارەی زیاتر نەدەینە ڤلادیمێر پوتین لەڕێی چەند بڕێكەوە بەرامبەر وزە تا بەردەوامبێت لە پەرەپێدان”.
هەروەك داوای وەستاندنی “ڕێڕەوی غازی باكوور 2″ی كرد.
مۆراڤیتسكی مەترسی خۆی لە تێكچوونی دۆخی سنوورەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ بیلاڕوسیا نیشاندا و هۆشداریشیدایە ئەوروپا دەربارەی گرفتی نوێی كۆچبەران ئەگەر شكستبهێنێت لە چارەسەری گرفتەكەی ئێستا.
پێشتر ئەنگێلا مێركل، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا لەگەڵ مۆراڤیتسكی و ئەلیكسەندەر لۆكاشینكۆ، سەرۆكی بیلاڕوسیا قسەیكرد و، هەماهەنگی ئەڵمانیای بۆ پۆڵەندا دووپاتكردەوە لە گرفتی كۆچبەراندا.
پۆڵەندا لەنێو ئەو وڵاتانەی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدایە كە ناڕەزاییان بەرامبەر پرۆژەی “ڕێڕەوی باكوور 2″ی هەناردەی غازی ڕوسیا بۆ ئەڵمانیا لەڕێی دەریای بەلتیك هەیە و دەڵێن، پڕۆژەكە پشتبەستنی ئەوروپا بە غازی ڕوسی زیاددەكات.