(ڤیدیۆ) ئینگلته‌را گه‌یشته‌ مۆندیال و سویسرا ئیتاڵیای ڕه‌وانه‌ی پاشکۆکان کرد

ئه‌مشه‌و دووشه‌ممه‌، له‌ یاریگاکانی ئه‌وروپا چه‌ندین ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گرنگی قۆناغی ده‌یه‌‌می پاڵاوتنه‌کانی مۆندیال ئه‌نجامدران.

له‌ یارییه‌کی به‌هێزی کۆمه‌ڵه‌ی نۆیه‌مدا، هه‌ڵبژارده‌ی سان مارینۆ له‌ یاریگای خۆیدا میوانداریی ئینگلته‌رای کرد، یارییه‌که‌ به‌ ئه‌نجامی ده‌ گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی شێره‌کانی ئینگلته‌را کۆتاییهات.

گۆڵه‌کانی ئینگلته‌را له‌ خوله‌که‌کانی شه‌ش، 15، 27، 32، ٣٩، 42، 58، 68، 79، 89 له‌لایه‌ن هاری ماگوایه‌ر، هاری که‌ین (سوپه‌ر هاتریک)، فیلیپۆ فابری (به‌هه‌ڵه‌)، تایرۆن مینگس، ئیمیڵ سمیز ڕوی، تامی ئه‌براهام، بوکایۆ ساکاوه‌ تۆمارکران.

له‌ دوو ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی به‌هێز و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌میشدا، هه‌ڵبژارده‌ی سویسرا له‌ سویسپۆر ئارینا میوانداریی بولگاریای کرد، یارییه‌که‌‌ به‌ ئه‌نجامی چوار گۆڵی بێوه‌ڵام له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ڵبژارده‌ی خانه‌خوێ کۆتاییهات، گۆڵه‌کان له‌ خوله‌که‌کانی 48، 57، 72، 90 له‌لایه‌ن نوح ئوکافۆر، سیدریک ئیتین، ڕۆبین فارگاس، ڕۆمۆ فریوله‌ره‌وه‌ تۆمارکران.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا له‌ ویندسۆر پارک بووه‌ میوانی هه‌ڵبژارده‌ی ئێرله‌ندای باکوور، یارییه‌که‌ به‌ ئه‌نجامی یه‌کسانبوون به‌بێ گۆڵ کۆتاییهات.

به‌پێی ئه‌نجامه‌ تۆمارکراوه‌کان، هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را به‌ کۆکردنه‌وه‌ی 26 خاڵ لوتکه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی نۆیه‌می گرت و ڕاسته‌وخۆ سه‌رکه‌وتنی بۆ مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر مسۆگه‌رکرد، له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ڵبژارده‌ی سویسرا ژماره‌ی خاڵه‌کانی گه‌یانده‌ 18 و پله‌ی یه‌که‌می کۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌می یه‌کلاییکرده‌وه‌ و بلیتی مۆندیالی بڕی، هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیاش به‌دووه‌می کۆمه‌ڵه‌که‌ گه‌یشته‌ پاشکۆکانی ئه‌وروپا و ناچاره‌ دوو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قۆناغی پاشکۆکان ئه‌نجامبدات.

ئه‌نجامه‌ تۆمارکراوه‌کان (گه‌ڕی 10):

ئێرله‌ندا 0-0 ئیتاڵیا

سویسرا 4-0 بولگاریا

نه‌مسا 4-1 مۆڵدۆڤا

ئیسرائیل 3-2 دورگه‌کانی فارو

سکۆتله‌ندا 2-0 دانیمارک

ئه‌لبانیا 1-0 ئه‌ندۆرا

پۆڵه‌ندا 1-2 هه‌نگاریا

سان مارینۆ 0-10 ئینگلته‌را

بابەتی پێشتر

ئەوروپا سزای نوێ بەسەر بیلاڕوسیادا دەسەپێنێت

بابەتی دواتر

ژمارەیەك ژنی ئوسترالی لەسەر ڕوتکردنەوەیان لە دەوحە سکاڵایان تۆمارکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share