“کوژرانی دوو بەندکراوی خەڵکی نەغەدە لەژێر ئەشکەنجەدا” بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیەندرا

بە برینداری گواستراونەتەوە بۆ ئیتلاعات

لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە كەسوكاری دوو زیندانیكراوی خەڵكی نەغەدە کە پێشتر دەستبەسەرکرابوون، ئاگاداركراونەتەوە گیانیان لەدەستداوە، وەك ئەوەی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردووەتەوە.

ڕێكخراوەكە دەشڵێت، کۆتایی هاوینی ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو کە دوو کەس لەو پێنج هاوڵاتییەی خەڵکی نەغەدە کە سەرەتای خەرمانان دەستبەسەرکراون، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە و تازە هەواڵەكە بە كەسوكاریان ڕاگەیەندراوە.

ڕوونیشیكردەوە، ئەمڕۆ ئیتلاعاتی سوپای نەغەدە بنەماڵەی هەریەک لە (ئەسعەد ڕامین و داود ڕەحیم-ی تەمەن 35 ساڵ)یان بانگکردووە و دوای پیشاندانی وێنەی تەرمەکانیان بەفەرمی پێیڕاگەیاندوون کە گیانیانلەدەستداوە.

ڕێكخراوەكە لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەڵێت، بنەماڵەی ئەو دوو کەسە ئەمڕۆ داوایانکردووە کە تەرمەکانیان ڕادەستبکرێنەوە، بەڵام لە وەڵامدا پێیانوتراوە: “تەرمێک لەئارادانییە و تەنیا ئەوە بەسە کە بزانن ئەوان ئیدی زیندوونین و مافی ئەوەشتان نییە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان بۆ بگرن”.

لە 1ی ئەیلولی ڕابردوودا ئوتۆمبێلی ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە لەکاتی دەستبەسەرکردنیاندا، لەلایەن هێزەکانی سوپاوە دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و ئەسعەد قاچێکی بە گولـلە پێکراوە، داودیش بە چەند گولـلەیەک برینداربووە، وەك ئەوەی هەنگاو دەیڵێت.

ئاماژەشدەدات، دواتر بە برینداری گواستراونەتەوە بۆ ئیتلاعاتی سوپای ئورمییە و لەسەرجەم مافەکانی بەندکراوان لەوانە مافی دەرمان بێبەشکراون.

بابەتی پێشتر

دەنگی تەپڵی شەڕ دێت.. ناتۆ هۆشداریدەداتە ڕوسیا

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی: ئەو نەخۆشخانەیەی تەرمەكەی ڕادەستنەدەكردەوە بە داخستن و پێبژاردن سزادراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share