مەلا بەختیار: بێ ئەملاوئەولا لەناو یەكێتیدا ژەهرخواردكراوم

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌ و بەرژەوەندیی یەكێتی

مەلا بەختیار دووپاتیدەكاتەوە، لەناوی یەكێتییەوە ژەهرخواردكراوە و لە خودی دەزگای زانیارییەوە زانیاریی دراوەتێ كە لە دەزگاكەوە ئەو كارەی بەرامبەر كراوە، ڕەتیكردەوە هیچ كەسێك تاوانبار بكات، بەڵام جەختیكردەوە دەستبەرداری مافی خۆی نابێت.

لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەبارەی پرسی ژەهرخواردكردنی و وردەكاریی پرسەكە ڕایگەیاند، بێ ئەملاوئەولا لەناو یەكێتییەوە ژەهرخواردكراوە، زانیاریی لە دەزگای زانیارییەوە پێگەیشتووە كە خودی دەزگای زانیاری كارەكەی ئەنجامداوە.

بەڵام مەلا بەختیار ئەوەشی وت، كە بەرپرسی ئەوكاتی دەزگای زانیاری كەسێكی تر بووە و لە گۆڕانكارییەكانی 8ی تەمووزدا لەسەركارلابراوە.

دووپاتیشیكردەوە، دوو بۆ سێ مانگ پێش 8ی تەمموز كارەكەی بەرامبەر كراوە و لەڕێگەی خواردنەوە ژەهرخواردكراوە.

تۆماركردنی سكاڵاشی دووپاتكردەوە و وتی، “لەمافی خۆم خۆشنابم”، لەگەڵ ئەوەی ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئەو كەسەی كارەكەی كردووە بێت و داوای لێبووردن بكات، “وەك خۆم لێیخۆشدەبم، بەڵام ئەو كارە ناكات”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی لەو ماوەیەدا بەسەر یەكێتی هێنراوە لە ژەهرخواردن مەترسیدارترە، مەترسییەكە لەوەدایە بەشێك لە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی متمانەیان بە یەكێتی دابەزاند.

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا مەلا بەختیار بەڵگەی ژەهراویكردنی كە بریتییە لە ڕاپۆرتێكی نەخۆشخانەی (ڤیڤانتس) لە ئەڵمانیا نیشاندا و وتی، لە ئایندەیەكی نزیكدا وەریدەگێڕنە سەر زمانەكانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی.

هاوكات تیشكی خستەسەر هەوڵێكی ژەهراویكردنی پێشووی لە سەردەمی پێشمەرگایەتی كە لەلایەن كەسێكەوە ئەنجامدراوە و ڕوونیكردەوە، دوای ئەوەی خێزانەكەی بە منداڵەكانیەوە هاتوون بۆلای لێی خۆشبووە، بۆیە ئێستاش ئەگەر هەر كەسێك ئەو تاوانەی كردووە دانیپێداببنێت، بەڵێن دەدات لێی دەبوورێت.

سەبارەت بە شێوازی ژەهراویكردنەش ڕوونیكردەوە، لەڕێی خواردنەوە پێیدراوە، ئەو بڕەی دراوەتە ئەو زیاتر بووە لەوەی دراوەتە وەستا حەسەن، بەڵام هەمان كەس بووە، هەروەها شێوازەكەی جیاوازبووە لە شێوازی ژەهرپێدانەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی.

بەرپرسەكەی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو كاتەی تاوانەكە كراوە بەرپرسی دەزگای زانیاری كەسێكی دیكە بووە، ئەگەر وەك دەزگا ئەم كارە كرابێت بە یەك و دوو كەس نەكراوە.

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری تۆڕی میدیا ئێستا-شدا مەلا بەختیار ئەوەی ڕوونكردەوە، هەموو ئەو كارانەی لەدوای 8ی تەمموزەوە كراون پاكسازییە، چاكسازی جارێ ماویەتی. چاكسازی دورخستنەوەی هەموو ئەوانەیە ڕۆڵیان هەبوو لە تێكچوونی دۆخی یەكێتی، چاكسازی بەرنامەیە، گۆرانكارییە لە پرنسیپەكان، ڕەخنە و ڕەخنە لە خۆگرتنە، چۆنیەتی بەرنامە دانانە بۆ سەرجەم ئۆرگان و كادیرەكان.

دووپاتیشیكردەوە، سەرجەمی دۆسیەكەی لە ئەگەر دەرهێناوە، بەڵكو بە زانیاری قسە دەكات و نزیك بووەتەوە لە یەقین.

بابەتی پێشتر

مەلا بەختیار داوای لێكۆڵینەوەی حزبی دەكات و سكاڵاش تۆماردەكات

بابەتی دواتر

داری باپیرە گەورەی ئیسپانی (گران ئەبۆیلۆ)

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share