مەلا بەختیار داوای لێكۆڵینەوەی حزبی دەكات و سكاڵاش تۆماردەكات

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌ و بەرژەوەندیی یەكێتی

مەلا بەختیار لەبارەی ژەهرخواردكردنەكەیەوە پەیامێكی نوێی بڵاوكردەوە، داوای لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی كردووە لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهێنن، دوای ئەو هەوڵە حزبییەش سكاڵا تۆماردەكات.

مەلا بەختیار لە پەیامەكەیدا لەگەڵ ئەوەی پێشوەختە كەس بە ژەهرخواركردنەكەی تۆمەتبار ناكات، بەڵام داوادەكات تاوانباران بە سزای حزبی و یاسایی بگەیەندرێن.

دەقی پەیامەكەی مەلا بەختیار:

پەیامێكی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە ژەهراویكردنم

تاوانی ژەهراویكردنم لە بەرزترین ئاستی پزیشكیدا سلمێنراوە، بەندە لە مەرگی سەد لەسەد گەڕاومەتەوە، سەرەڕای ئەم تاوانە، پێشوەختە نەك كەس تاوانبار ناكەم، بەڵكو هەر تاوانبارێكیش لەم ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەیەدا بشگیرێت، هەتا تاوانەكەی نەسەلمینرێت، بێتاوانە!

مافی حزبیی خۆمە یەكەمین لایەن چاوەڕوانیی لێكۆڵینەوەی لێبكەم، یەكێتییەكەی خۆمە، لەم دوو ڕۆژەدا نامە ئاراستەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی دەكەم، تا لیژنەی لێكۆڵینەوە بەسەرپەرشتیی باڵاترین پۆستی حزبی و پسپۆڕی شارەزا، بۆ ئەم كەیسە پێكبێنن.

دوای ئەم مافە حزبییە، هانا بۆ سكاڵای دادگای كوردستان، ئەگەریش پێویست بكات، بۆ هەر دادگایەكی دیكەش هانا دەبەم، بێگومان بە دەرەوەی وڵاتیشەوە.

ژەهراویكردنی بەندە، یان هەر هەڤاڵێكی دیكە، بە پرسێكی شەخسی نازانم، ئەگەر شەخسی بوایە، دەرگای لێبوردنم دانەخستووە! بەڵكو ئەم پرسە تاوانێكی سیاسی-حزبی پێشوەختە نەخشە بۆ كێشراوە، لێكەوتەكانیشی مەترسی گەورەیە لەسەر ژیانی حزبی و كۆمەڵایەتی و متمانەی سەركردایەتی یەكێتی لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستاندا. چۆن دەبێت لەناو پارتێكی سۆسیال-دیموكراتدا، كە نمونەی پارێزەی مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتین، تاوانی وا ئەنجامبدرێ؟!

بۆیە هەر چەشنە بێدەنگبوون، یان كەمتەرخەمییەك لە ورد و درشتی كەیسی ژاراویكردن، كەمتەرخەمییە بەرامبەر پرنسیپێكی نێونەتەوەیی پارتە سۆسیال-دیموكراتەكان و چاوپۆشینیشە بەرامبەر تاوانێكی قێزەون.

چاوەڕوانم یەكێتی، بیسەلمێنێت، وەكو نەریت و مێژووی خەبات، بێبەرییە لەم تاوانە، ئەوپەڕی تێبكۆشرێ تاوانباران بەسزای حزبی و یاسایی بگەیەندرێن. كە لە دەرگای دادگای كوردستانیشمدا، دڵنیام دادوەرە بەڕێزەكان دەزانن، وەكو تاوانێكی سیاسی بێ پێشینە لەناو نەتەوەی كورد، مامەڵە لەگەڵ كەیسێكی یاسایی هەستیاردا دەكەن.

لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزی

مەلا بەختیار
2021/11/14

بابەتی پێشتر

پوختەی دیارترین دەستكەوتەكانی ڕێككەوتنی گلاسكۆ بۆ ئاووهەوا

بابەتی دواتر

مەلا بەختیار: بێ ئەملاوئەولا لەناو یەكێتیدا ژەهرخواردكراوم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share