هەڤاڵ ئەبوبەكر پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی دەكات، دەڵێت، لە دامەزراندنیەوە شارەكە وەك دلێك لێدەدات و وزە لە جیاوازییەكانی وەردەگرێت، پێشی وایە، لەمڕۆدا سلێمانی پێویستی بە سەقامگیریی ڕاستەقینە، یەکترقبوڵکردنی لۆژیکی، پەرەپێدانی ئابوریی سەوز، خزمەتکردن و بوژانەوە هەیە.
ئەمڕۆ 14/11 یادی 237 ساڵەی دامەزراندنی سلێمانییە، بەو بۆنەیەوە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە، پیرۆزبایی یادەكە لە هاوڵاتییانی شارەكە دەكات.
دەقی پەیامەكەی پارێزگاری سلێمانی :
بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
هاووڵاتیانی جوامێر و خۆشەویستی سلێمانی و کوردستان..
بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ پیرۆزبایی ڕۆژی سلێمانیتان لێدەکەین، ڕۆژی ئەم دەڤەرەی قوڵایی مێژویی و شارستانێتیی بۆ زیاتر لە شەست و پێنج هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و بە هەوڵی مەردانەی بابانییەکان و هاوکارەکانیان و گوندە نازدارەکانی ئەو سات و سەردەمەی سلێمانی؛ ئیبراهیم پاشای بابان دەستی بەبنیاتنانی سلێمانی کرد و پایتەختی میرنشینی بابانی لە قەڵاچوالانەوە بۆ سلێمانی گواستەوە.
ئەم شارەیان وەک شارێکی هاوچەرخ لەسەر بنەماکانی پیشەسازیی و بازرگانیی و ڕۆشنبیریی بنیاتناو، بە منەوەرەکانی وەک نالی و سالم و کوردیی زمانی بەم کوردییە شیرینەی پژا، دواتر بنەما شارستانییە نوێکانی وەک پەروەردە و فێرکردن و هونەرەجوانەکان و ئامادەیی و بەشداریی ژنانی بۆ زیادکرا.
لەو ڕۆژەوە سلێمانی وەک دڵێک لێدەدات زیندوێتی و بەهرە و داهێنان و هێز و ورە لە جیاوازییەکانی خۆی و لە دەرفەتی ئازادییەکان و لە خۆنوێکردنەوە و کرانەوە و چاولەئایندەبوون وەردەگرێت و باڵای کوردستان بەرزتر دەکات.
ئەم شارە؛ لە ئەمڕۆدا پێویستی بە سەقامگیریی ڕاستەقینە و گێڕانەوەی متمانە و یەکترقبوڵکردنی لۆژیکی و پەرەپێدانی ئابوریی سەوز و تێپەڕاندنی نائومێدییەکان و ڕۆشنکردنەوەی ناڕۆشنییەکانی چارەنووس و ئایندە و خزمەتکردن و بوژانەوە و گەشەپێدانی زۆرتر و دادپەروەریی و پاراستنی ئازادییەکان و خۆخوێندنەوە و خۆدۆزینەوە و خۆناسینەوە و پشتبەخۆبەستنی زۆرتر هەیە.
ئێستا سلێمانی؛ کە لە بنەڕەتەوە بۆ پایتەخت بنیاتنراوە؛ پایتەختی ڕۆشنبیریی کوردستان و شاری داهێنەری ئەدەبیی لەسەر ئاستی جیهان و ئەندامی پەیمانی نێودەوڵەتیی ئەوروپایە بۆ وزە نوێکان و ژینگە و هاوتای فیدراسیۆنی شارەوانییەکانی ئیتاڵیا و دەیان شاری پارچەکانی تری کوردستان و دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهانە و ئەندامی کارای کۆنگرەی نێودەوڵەتیی تەندروستیی چارەسەرسازییە و لەسەر نەخشەی قوربانیدان و کرانەوە و کشتوکاڵ و شوێنەوار و گەشتوگوزار و پیشەسازیی و بازرگانیی و ژینگە و کولتوری جیهاندایە.
سلێمانیتان لێپیرۆزبێت..