وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تا کۆتایی ئەمساڵ، سەرجەم ھاوبەشانی کارەبا، لە سەنتەری شارەکان و قەزا و ناحیەکان، پێوەری زیرەکی کارەبایان بۆ دەبەسترێت.
لە ڕاگەیەندراوێكدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە، تاوەكو ئێستا یەك ملیۆن و 47 هەزار و 425 پێوەری زیرەك لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەستراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، پڕۆسەکە بۆ ئەو ناوچانەی کە بۆیان نەبەستراوە، بەردەوام دەبێت و تائێستاش 71%ی بەشداربووان پێوەری زیرەكی كارەبایان بۆ بەستراوە”.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، “تا کۆتایی ئەمساڵ، سەرجەم ھاوبەشانی کارەبا، لە سەنتەری شارەکان و قەزا و ناحیەکان، پێوەری زیرەکی کارەبایان بۆ دەبەسترێت”.
بەپێی داتاكان، لەپارێزگای هەولێر 382 هەزار و 392 پێوەری زیرەكی كارەبا بەستراوە، هەروەها لە سلێمانیش 363 هەزار و 743 پێوەر، لە دهۆك 207 هەزار و 52 پێوەر، لەپارێزگای هەڵەبجە، 29 هەزار و 218، لە ئیدارەی گەرمیانیش 65 هەزار و 20 پێوەر بەستراون.