سوپاسی ئەو كەسەی كرد هەوڵەكەی ئاشكراكرد
مەلا بەختیار: سبەینێ زانیاریی زیاتر لەبارەی ژەهرخواردكردنمەوە دەخەمەڕوو

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌ و بەرژەوەندیی یەكێتی

مەلا بەختیار، دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سبەینێ زانیاری و وەڵامی زیاتر لەسەر ژەهرخواردكردنەكەی ئاشكرادەكات، بەتایبەتیش سووپاسی ئەو كەسەیكرد كە ژەهرخورادكردنی خۆی و وەستا حەسەن-ی ئاشكراكردووە، بە ناڕاستەوخۆ هەوڵی ژەهرخواردكردنەكەشی بە “بێئەخلاقی” وەسفكرد.

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌ و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو پەرۆشییەی خەڵك بۆ پێشوازیلێكردنی، لە بەرامبەر ئەو غەدرە گەورەیەیە كە لە بافڵ تاڵەبانی و خۆی و وەستا حەسەن و “خوانەكردە خەڵكێكی دیكە كرابێت”.

وتیشی، “جاران خۆمان بەكوشت دەدا بۆ ئەوەی هاوسەنگەرێكمان بپارێزین، بەڵام بەداخەوە لەدوای چوارەمین كۆنگرە وایلێهات كەسانێك بخوازن هاوسەنگەرەكانی لەناوبچن، یان خۆی هەوڵبدات لەناویان ببات”.

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەكرد، وردەكاری دۆسیەی ژەهرخواردنەكەی هەڵدەگرێت بۆ سبەینێ لەسەر مەزاری مام و زانیاریی زیاتر دەخاتەڕوو.

سەبارەت بەو پێشوازییەی لەكاتی گەڕانەوە و لەمیانەی نەخۆشییەكەی لە دەرەوە لێیكراوە، بەرپرسەكەی یەكێتی وتی، “ئەم پێشوازییە چاوەڕوانییە لە من تا بەردەوام بن لەدژایەتیكردنی گەندەڵی و لە خەبات بۆ دیموكراسی و لە ئاشتەوایی هێزە سیاسییەكان و ئاشتەوایی نێوان هێزە سیاسییەكان و خەڵك”.

پێشوازیی خەڵكیشی بە ئەخلاقی بەرزی خەڵكەوە بەستەوە، بەرامبەر بە “بێئەخلاقی”.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانەی نازانن ناخی میللەت برینداربووە، ناخی میللەت چی تیایە، هەڵبژاردن دەریخست كە كەمبوونەوەی 500 هەزار دەنگ بوو لە پارتی و یەكێتی.

مەلا بەختیار دووپاتیشیكردەوە، “هاتینەوە و بێگومان بەردەوام دەبین، ساڵانی ڕابردوو چۆن بووم هەروا دەبم، كەس چاوەڕوانی ئەوە نەكات هەڵوێست و مەبادیئم بگۆڕم”، ئەوەشی وت، “بەهیوای ئەوەی هەموومان ڕابچڵەكین، هەموو ڕەخنە بگرن و ڕێگاكە ڕاست بكەینەوە”.

سەبارەت بەوانەی پێیانوایە ژەهرخواردنەكە سیناریۆیە، مەلا بەختیار وتی، “پێویستم بە سیناریۆ و داتاشینی مێژوو نییە، مێژووم هەیە”، ڕوونیشیكردەوە، دوای پشكنینە سەرەتاییەكان، پزیشكەكان پێیان وتووە كە ماوەیەكی كەمی لەبەردەمدا ماوە و پێویستە فریای خۆی بكەوێت.

ئاشكراشیكرد، “یەكەم كەس پەیوەندییم پێوەكرد، هەڤاڵ قوباد بوو (قوباد تاڵەبانی)”، دواتریش هەریەكە لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شا عەبدوڵای شای ئوردن هاتوونەتە سەرخەت، تەنانەت وتی، “ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆیكردم، مەگەر جەنابی مام جەلال زیندوو ببێتەوە و بۆمبكات”.

بابەتی پێشتر

مەلا بەختیار گەیشتەوە سلێمانی

بابەتی دواتر

ڤیدیۆ.. چۆنێتیی کارکردنی ڤاکسینەکانی دژە کۆرۆنا لە جەستەدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share