ململانێی گەرمی نێوان بەرەی ڕوسیا و ئەوروپا كۆچبەران ڕەقدەكاتەوە

قەیرانی کۆچ لە سنوورەکانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا، شەڕی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و بەرەی ڕوسیا گەرمتر دەکات و حکومەتی بیلاڕوسیا دەڵێت، “یەکێتیی ئەوروپا خۆی ئامادەدەکات بۆ سزای نوێ بەسەرماندا”.

تا ئێستا بەهۆی نەبوونی چارەسەرێکەوە بۆ پرسی کۆچبەران لە سنووری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا، قەیرانی کۆچ لە جیهاندا گەیشتووەتە قۆناغێکی دیکە و هەزاران کۆچبەر لەو سنوورە خەریکە بەهۆی شەڕ و ململانێی گەرمی نێوان بەرەی ڕوسیا و یەکێتیی ئەوروپا، لەسەرمادا ڕەقدەبنەوە.

هەڵوێستی بەرەی ڕوسیا

لەگەڵ بەردەوامیی مانەوەی کۆچبەران لەسەر سنوور، ڕوسیا دوو فڕۆكه‌ی جۆری Tu-22M3 ، كه‌ فڕۆكه‌ی جه‌نگین، ڕه‌وانه‌ی سه‌ر سنووری بیلاڕوسیا ده‌كات بۆ چاودێریكردنی دۆخه‌كه‌ و یه‌كێتیی ئه‌وروپا تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ بیانووی كۆچبه‌ران، سنووره‌كان لەگه‌ڵ بیلاڕوسیا دابخات.

ڕوسیا داوایکردووە، لەسەر دۆخی كۆچبه‌رانی سه‌ر سنووری بیلاڕوسیا و پۆڵه‌ندا ڕاسته‌وخۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی لوكاشێنكۆ بكرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر.

هاوکات حکومەتی بیلاڕوسیا کۆبوونەوەی بەپەلەی لە مینسک-ی پایتەخت ئەنجامدا و ڕاگەیەندراوی کۆتایی كۆبوونەوەكە ئاماژە بە ئەگەری سزای نوێی ئەوروپا دەکات بەسەر وڵاتەکەدا.

هەر ئەمڕۆ ئەلیکسەندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆک کۆماری بیلاڕوسیا ڕایگەیاندووە، “یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت پاکێجی پێنجەمی سزاکان بەسەر بیلاڕوسیا بسەپێنێت و لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتەكە ئامادەی وەڵامدانەوەی سزاکانە”.

مانەوەی دۆخی چەقبەستووی کۆچبەران، شەڕی وزەی ئەوروپا تۆختردەکاتەوە

ئەلیکسەندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆک کۆماری بیلاڕوسیا، لە قسەکانیدا باسی سەرچاوەی وزەی گەرم (گازی سروشتی)ی ئەوروپای بیرخستەوە، کە لە خاکی ئەوانەوە دەڕوات و لەکاتی داخستنی سنوور بەسەر کۆچبەراندا، ئەوانیش دەتوانن سەرچاوەی وزەی گەرمی ئەوروپا دابخەن.

بەستنەوەی کۆچبەران و سزای نوێ بەسەر بیلاڕوسیا، بە سەرچاوەی وزەی گەرمی ئەوروپاوە، یەکێکی دیکەیە لە فشارەکانی بیلاڕوسیا لەسەر ئەوروپا و مینسك دەیەوێت ئەوە بە ئەوروپا بڵێت، لەئەگەری داخستنی سنوور بەسەر کۆچبەراندا، ئەوانیش دەتوانن گازی سروشتی لە ئەوروپا بگرنەوە، کە سەرچاوەی وزەی گەرمی ئەوروپایە.

یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی کۆچبەرانەوە چی دەڵێت؟

یەکێتی ئەوروپا لەسەر بەکارهێنانی کۆچبەران وەک فشار لەسەر ئەوروپا لەلایەن بیلاڕوسیاوە، هەڕەشەی ئەوەی لە بیلاڕوسیا کرد، سزای نوێ بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنێت.

پێشتر بەرپرسێکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاندبووە، ئەوروپا ئامادەکاریی دەکات بۆ فراوانترکردنی سزاکانی سەر بیلاڕوسیا وەک پاکێجی پێنجەمی سزاکان.

بابەتی پێشتر

(NBA)  لەیکەرز بەکاتی زیادکراو لە مەیامی هیتی بردەوە

بابەتی دواتر

زۆری و گەورەیی جانتای یاریزانانی ئێران لە لوبنان گومانی دروستکردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share