پارتی: قسەکانی نایف بە توندی ئیدانە و سەرکۆنە دەکەین

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی قسەکانی د. نایف کوردستانییەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەتوندیی ئیدانە و سەرکۆنەی دەکەین.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە درەنگانی شەوی یەکشەممە بڵاویکردەوە، پارتی جەختدەکاتەوە کە “پارتی و ڕێبازی بارزانی ئەوپەڕی ڕێز” لە مەرجەع و پیاوانی ئایینی دەگرن و پارتی بە بەردەوامی ئامۆژگاریی ئەندام و کادرانی دەکات کە پێویستە ڕێز لە هەموو مەرجەعییەت و ئایینەکان بگرن.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا پارتی ڕایگەیاندووە، “بە توندیی تویتەکەی ئەو کەسە سەرکۆنە و ئیدانە دەکەین کە بە د. نایف کوردستانی ناودەبرێت و بێڕێزی بەرامبەر بە مەرجەعییەتە ڕەشیدەکان کردووە”.

دەشڵێت، “ئەو کەسە دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە پارتییەوە نییە و تویتەکەی گوزارشت لە بۆچوونی خۆی دەکات”.

ڕاگەیەندراوەکەی پارتی و جەختکردنەوەی لە بێبەریبوونی خۆی لە د. نایف لەکاتێکدایە کە ناوبراو وێنەی لەگەڵ سەرکردە یەکەمەکانی پارتیدا هەیە و بەشداریی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەو حزبەی کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share