گرفتی كۆچبەران لەسەر سنوورەكانی پۆڵەندا دەچێتە قۆناغێكی نوێوە، دوای ئەوەی ڕوسیا هەنگاوێكی دەگمەنی نا بە ناردنی دوو فڕۆكە كە توانای هەڵگرتنی مووشەكی ئەتۆمییان هەیە بۆ گەڕان لە ئاسمانی بیلاڕوسیای هاوپەیمانی، هەروەها بانگێشتی سێ وڵات بۆ كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
ڕۆژی چوارشەممە 10ی تشرینی دووەم هەریەك لە فەرەنسا، ئیستوانیا و ئێرلەندا داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی-یان كرد دەربارەی گرفتی كۆچ لە سنووری نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا، چاوەڕوان دەكرێت پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەكە گرێبدرێت، وەك ئەوەی ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوە دیپلۆماسییەكانەوە ئاماژەی پێداوە.
بەپێی سەرچاوەكان، كۆبوونەوەكە لەپشت دەرگا داخراوەكانەوە دەبێت، لەكاتێكیشدایە بارگرژییەكانی نێوان پۆڵەندا و بیلاڕوسیا ڕوو لە زیادبوونن، پۆڵەندا دەڵێت ڕووبەڕووی هەوڵی زۆری پەڕینەوە لە سنوورەكان دەبێتەوە و تائێستاش ڕێگری لە سەدان كۆچبەر كردووە و گەڕاندونیەتەوە بۆ بیلاڕوسیا، لەگەڵ تۆمەتباركردنی (مینسك) بە ئەنجامدانی “تیرۆری دەوڵەت” لەڕێی دروستكردنی قەیرانێكی نوێی كۆچ بۆ ئەوروپا.
لەو چێوەیەدا مەترسیی بەرۆكی چارەنووسی زیاتر لە دوو هەزار كۆچبەری هەڵپەسێردراوی سەر سنوورەكانی گرتووە، لە دۆخێكدا كە میشێل باشیلیت كۆمسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ بە “بەرگەنەگیراو” ناویبردووە و داوای جووڵە بۆ چارەسەری پرسەكە دەكات.
باشیلیت داواشی لە وڵاتان كرد دۆخەكە هێوربكەنەوە و چارەسەریبكەن و وتی، “ناكرێت ئەو سەدان كەسە لە پیاو و ژن و منداڵ ناچاربن شەویان لە كەشێكی زۆر سارددا بەسەرببەن بەبێ بوونی شوێنی حەوانەوەی گونجاو و خواردن و ئاو و چاودێریی تەندروستی”.
ترس لە ڕووبەڕووبوونەوە
لەم سەروبەندەدا ڕوسیا هەنگاوێكی دەگمەنی نا لەڕێی ناردنی دوو فڕۆكە كە توانای هەڵگرتنی مووشەكی ئەتۆمییان هەیە بە گەڕان لە ئاسمانی بیلاڕوسیادا، كە وەك پشتیوانییەك بۆ هاوپەیمانە نزیكەكەی لێكدەدرێتەوە.
بڕیارەكەی مۆسكۆ كە توندكردنی دۆخەكەی بەدوادێت لەكاتێكدایە یەكێتیی ئەوروپا تاوتوێی سەپاندنی سزا بەسەر بیلاڕوسیا دەكات. یەكێتییەكە كە پێشتر بەهۆی پێشێلكارییەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، مینسك بە ڕاكێشانی كۆچبەران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفغانستان و ئەفریقا و دواتر هاندانیان بۆ پەڕینەوە بەرەو پۆڵەندا بەمەبەستی دروستكردنی ئاژاوە لەسەر سنوورەكانی ئەوروپا تۆمەتباردەكات.
شارل میشێل، سەرۆكی ئەنجومەنی ئەوروپا شەپۆلی كۆچبەرانی بە “هێرش” بۆسەر سنوورەكانی یەكێتیی ئەوروپا ناوبرد و وتی، “بیلاڕوسیا كار لەسەر بەكارهێنانی گرفتی كۆچبەران دەكات وەك چەكێك بەشێوەیەكی قێزەون و شۆكهێنەر”.
دوێنێ باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا (27 وڵات) بڕیاریان دا سزای نوێ لە هەفتەی داهاتوودا بسەپێندرێت كە نزیكەی 20 كەس و دامەزراوە دەگرێتەوە لەنێویاندا وەزیری دەرەوەی بیلاڕوسیا و هێڵی ئاسمانیی نیشتمانیی ئەو وڵاتە.
لەبەرامبەردا ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆ، سەرۆكی بیلاڕوسیا و ڤلادیمێر پوتین-ی هاوپەیمانە ڕوسەكەی ئۆباڵەكە دەخەنە ئەستۆی یەكێتیی ئەوروپا، كرملین ئەوروپا تۆمەتباردەكات بە پابەندنەبوون بە بەها مرۆییەكان و هەوڵدان بۆ “خنكاندنی” بیلاڕوسیا بە پلانی داخستنی بەشێك لە سنوورەكان.
ڕوسیا دەڵێت، پەسەندكراو نییە یەكێتیی ئەوروپا سزا بەسەر بیلاڕوسیا بسەپێنێت بەهۆی گرفتەكەوە. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا هیوای ئەوەی خواست ئەو ئەوروپییانەی هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن نەبنەهۆی “درێژەدانێكی مەترسیدار بەشێوەیەكی ڕوون”.
ئەو دوو فڕۆكەیەی ڕوسیا بۆ فڕین لە ئاسمانی بیلاڕوسیا ڕەوانەی كردوون لە جۆری تۆبۆلیڤ تو 22 ئێم 3ن، توانای هەڵگرتنی مووشەكی ئەتۆمییان هەیە لەو جۆرەی خێراییەكەی زیاترە لە خێرایی دەنگ و تایبەتمەندی دەربازبوون لە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشكەوتووی وڵاتانی خۆرئاوای هەیە.
ناتۆ بەڵێنی پشتگیریی پۆڵەندا دەدات
چوارشەممە پۆڵەندا هاوپەیمانەكانی لە پەیمانی باكووری ئەتڵەنتیك لە پێشهاتە نوێیەكانی برۆكسل ئاگاداركردەوە. بەرپرسێكی هاوپەیمانییەكە پاش كۆبوونەوە داخراوەكە وتی، “ناتۆ بە ڕوونی وتوویەتی كە بیلاڕوسیا بەرپرسیارێتیی گرفتەكە هەڵدەگرێت و بەكارهێنانی چەكی كۆچبەران لەلایەن ڕژێمی لۆكاشینكۆوە دژە مرۆییە و پێچەوانەی یاسایە و پەسەندنەكراوە”.
ئەو بەرپرسە وتیشی، “ناتۆ ئامادەیە بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانیی زیاتر بۆ هاوپەیمانەكانمان، پارێزگاری لە سەلامەتی و ئاسایشی ناوچەكە دەكەین”.