ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەركۆنەی هەوڵی “تیرۆكردنی” سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات و جەخت لەسەر لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی دەكاتەوە.
ئەنجومەنەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بە توندی ئیدانەی هەوڵی “تیرۆركردنی” مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 7ی تشرینی دووەمی 2021 دەكەن.
ئەندامانی ئەنجومەنەكە، بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، خۆشحاڵی خۆیان لەبارەی سەلامەتی سەرۆك وەزیران دەردەبڕن و پشتیوانیی خۆیان بۆ سەربەخۆیی، سەروەری، یەكێتیی خاك و پرۆسەی دیموكراسی لە عێراق دوپاتدەكەنەوە.
ناوەندە نێودەوڵەتییەكە ئاماژە بەوەدەكات كە تیرۆر بە سەرجەم جۆر و شێوەكانیەوە یەكێكە لە مەترسیدارترین هەڕەشەكان لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و جەختدەكاتەوە لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی “ئەم جۆرە كارە تیرۆرستیانە” لەگەڵ ڕێكخەر و هاندەر و پاڵنەرانی و ڕادەستكردنیان بە دادگا.
كاتژمێر 2ی بەرەبەیانی دوێنێ 7ی تشرینی دووەم لەڕێی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشكرایەسەر ماڵی مستەفا كازمی لە ناوچەی سەوزی بەغداد.
دەربارەی هێرشەكە لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمنیی عێراقی و سێ سەرچاوەی نزیك لە گروپە چەكدارەكانەوە ڕایگەیاند، هێرشەكە لانیكەم لەلایەن یەكێك لەو گروپانەی ئێران پشتیوانییان دەكات ئەنجامدراوە، بەڵام لەبارەی ناوی گروپەكەوە تاڕادەیەك بیروبۆچوونیان جیاوازبووە.
ئەو سەرچاوانە پەنجەی تۆمەتیان بۆ گروپەكانی (كەتائیبی حزبوڵڵا) و (عەسائیبی ئەهلی حەق) درێژكرد.