درۆن داهاتووی عێراق دیاریدەكات

وادەردەكەوێت لەمەودوا پەیام و چارەنووسی زۆرێك لە ڕووداوەكان بە درۆن بسپێردرێت

دوای هەوڵی كردنە ئامانجی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە وادەردەكەوێت لەمەودوا پەیام و چارەنووسی زۆرێك لە ڕووداوەكان بە درۆن بسپێردرێت، دوای ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا زۆرێك لە بنكە سەربازییەكان و فڕۆكەخانە مەدەنی و كونسوڵگەرییە بیانییەكانی بە ئامانجی سیاسی لە بەرژەوەندی هەندێك لایەن بەئامانجگرت.

بەم مانایەش درۆن و توانای بەكارهێنانی دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی لە یەكلاكردنەوەی ئەجێندای هێزە سیاسییەكان، هەروەها لە هێنانەدی هاوسەنگی نێوانیان و ڕێگاكانی مامەڵە.

سەرەڕای ئەوەی مێژووی دروستكردن و بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ، بەڵام بەكارهێنانی بۆ ئامانجی نامەدەنی لەناو عێراق دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی جەنگی دژ بە داعش (2014-2018)، دوای ئەوەی سوپای عێراق بە پشتیوانیی لۆجیستی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە ئەركی چاودێری و هەواڵگری لە شار و ناوچە داگیركراوەكاندا بەكاریدەهێنا.

بەڵام پاش كۆتایی هاتنی جەنگی دژ بە داعش، ڕاستەوخۆ كاری ئەو فڕۆكانە بەكارهێنانیان بوو دژ بە بنكە سەربازییەكان كە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تیادا جێگیركرابوو.

توێژەرێكی عێراقی باس لەوەدەكات ئەو درۆنانەی لە عێراق بەكاردەهێنرا دوو گۆڕانكاری سەرەكی لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەسەرهاتووە، كە وایكردووە ببێتە چەكێكی سەربازیی یەكلاكەرەوە.

سایتی سكای نیوز لە زاری جەواد شێخ فازڵ، توێژەری عێراقی دەڵێت، “بۆ چاودێران بەڕوونی دیاربوو كە ئەو درۆنانەی لەدوای ساڵی 2019 بەكاردەهێنرا بۆ كردنە ئامانجی بنكە سەربازییەكان بەهیچ جۆرێك لەڕووی پێكهاتەوە هاوشێوەی ئەوانە نەبوو كە لەبەردەست سوپای عێراق و تەنانەت گروپەكانی حەشدی شەعبیدا بوو لەمیانەی كاری چاودێری و هەواڵگری سەردەمی جەنگی دژ بە داعشدا”.

وتیشی، “ڕوونیشە پێشكەوتنی سەربازی و تەكنیكی بەسەر ئەو درۆنانەدا هاتووە كە لەلایەن ئەو گروپانەی خۆیان ناوناوە (مقاوەمە- بەرگری) بەكاردەهێنرێت، دەوڵەتێكی دیاریكراو پشتیوانی ڕاستەوخۆی لۆجیستی دەكات، دەوڵەتێكی خاوەن توانای سەربازی”.

ئەو توێژەرە ئاماژەشدەدات، “لە ناوەڕاستی ساڵی 2020ەوە، ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە وایانلێهاتووە ناوەند و ناوچە مەدەنییەكان دەكەنە ئامانج، كە دەیان كیلۆمەتر لە شوێنی هەڵدانیانەوە دوورە، وەك فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی”.

لە سەرەتای ساڵی 2020دا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، سەركردەی حەشدی شەعبی لەڕێی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە لە دەرەوەی فڕۆكەخانەی بەغداد كرانە ئامانج.

ڕووداوەكە ئەو پێشبینیانەی هێنایە ئاراوە كە ئەگەری هەیە ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتە كاریگەرەكانی دیكە لە عێراق ڕێگەی بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ هاوپەیمانەكانیان لەناو عێراق بكەنەوە، بەمەبەستی بەكارهێنانی بۆ دژایەتی هێز و لایەنەكانی بەرامبەریان.

شیروان كەسنەزانی، توێژەری ئەمنیی عێراقی دەڵێت، “ڕاستە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئەودوای لایەنە كاریگەرەكان لەسەر دۆسیەی عێراق دەرگای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی كراوەیان لەڕێی بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان نەكردووەتەوە، سەرەڕای ئەو پێشكەوتنە تەكنیكی و سەربازییەی لە بوارەكەدا لە ئارادایە، بەمەبەستی ڕێگری لە ڕوودانی هەر جۆرێك لە ئاژاوە، بەڵام هیچ زەمانەتێك نییە لەبارەیەوە ئەگەر ئەو درۆنانە كەسایەتی و دامەزراوە سیاسییەكانی عێراق بكاتە ئامانج”.

كاتژمێر 2ی بەرەبەیانی دوێنێ 7ی تشرینی دووەم لەڕێی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشكرایەسەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغداد.

دەربارەی هێرشەكە لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمنیی عێراقی و سێ سەرچاوەی نزیك لە گروپە چەكدارەكانەوە ڕایگەیاند، هێرشەكە لانیكەم لەلایەن یەكێك لەو گروپانەی ئێران پشتیوانییان دەكات ئەنجامدراوە، بەڵام لەبارەی ناوی گروپەكەوە تاڕادەیەك بیروبۆچوونیان جیاوازبووە.

ئەو سەرچاوانە پەنجەی تۆمەتیان بۆ گروپەكانی (كەتائیبی حزبوڵڵا) و (عەسائیبی ئەهلی حەق) درێژ كرد.

كەسنەزانی لەو بارەیەوە دەڵێت، “سەرجەم لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی عێراق باڵی سەربازی و بڕی پێویست لە پارەیان هەیە، بێگومان توانای گەیشتن بە تەكنیكی سەربازیی وەك فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیشیان هەیە، كە دەكرێت دژ بە هێزێكی سیاسیی دیكە بەكاریبهێنن، بەمەش دەشێت عێراق نوقمی دەریای (تۆڵەی هەمووان لە هەمووان) ببێتەوە”.

س: سكای نیوز + ڕۆیتەرز

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت پەیوەندییە ئابورییەکانمان لەگەڵ ئێران زیاتربکەین

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی ئاسایش سەركۆنەی هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share