فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دوای ڕۆژێك لە هێرشەكەی سەر ماڵی مستەفا كازمی، گەیشتە بەغداد.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، درەنگانی شەوی ڕابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، بە سەردانێكی ڕانەگەیەندراو گەیشتووەتە بەغداد.
ئاشكراشیانكردووە، قائانی لەگەڵ سەركردە شیعییەكان كۆبووەتەوە.
هەرچەندە تائێستا زانیاریی زیاتر لەبارەی كۆبوونەوەكە ئاشكرانەكراوە، بەڵام هاتنی قائانی دوای ڕۆژێك لە هێرشكردنە سەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دێت، كە لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هەوڵی تیرۆركردنی درا.
هاوكات شەوی ڕابردوو لە بەغدادی پایتەخت تانك و زرێپۆش و هێزێكی زۆری ئەمنی لە شەقامەكان بڵاوەیان پێكرا و دۆخی ئەمنیی پارێزگاكە، بەوتەی بەرپرسانی عێراقی، گرژ بوو.