کاردانەوە ناوخۆییەکانی هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی

هێرشەكەی سەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كاردانەوەی ناوخۆیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان لێكەوتەوە، زۆربەی كاردانەوەكان سەركۆنەی هێرشەكە دەكەن و بەشێكیان بە تیرۆریستی وەسفیدەكەن، داوای دانبەخۆداگرتن و هێوركردنەوەی دۆخەكە دەكەن، بەشێك لە لایەنە شیعییەكانی نزیك لە ئێرانیش بەجۆرێك لە گومانەوە دەڕواننە هێرشەكە و پێیان وایە بۆ بەئامانجگرتن و تۆمەتباركردنی “گروپەكانی بەرگری”یە.

مستەفا کازمی

لە یەكەم لێدوانیدا پاش هەوڵی تیرۆرکردنی، مستەفا كازمی لە تویتێكدا سەلامەتی خۆی ڕاگەیاند و داوای “هێوركردنەوەی و خۆكۆنتڕۆڵكردنی لە هەمووان كرد لەپێناو عێراق”.

ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی: ئەوەی پێیوایە دەستی هێزەكانمانی پێناگات خەیاڵپڵاوە

ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی بۆ تاوتوێكردنی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی سەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران ئەنجامدا و لە ڕاگەیەندراوێكدا هێرشەكە بە “ترسنۆكانە” ناودەبات و دەڵێت، “بەئامانجگرتنێكی مەترسیداری دەوڵەتی عێراقە لەسەر دەستی گروپە چەكدارییە تاوانكارییەكان كە خۆكۆنتڕۆڵكردن و پیشەییبوونی باڵای هێزە ئەمنی و سەربازییەكانیان بە لاوازی خوێندەوە، بۆیە پێشێلكارییان بەرامبەر دەوڵەت و سیمبولەكانی ئەنجامدا و هەڕەشەی ڕوونیان لە فەرماندەی گشتی و هێزەكانمان كرد”.

دەشڵێت، هێزەكانیان بەڵێنیانداوە ئاسایشی عێراق و سەروەرییەكەی بپارێزێن لە بەرامبەر هەموو ئەوانەی ئالنگاری بەرامبەر دەوڵەت دەكەن، بە ئەركی نیشتمانی خۆیان هەڵدەستن لە شوێنكەوتنی هێرشكاران و ڕووبەڕووكردنەوەیان بە دادگا، وەك چۆن لە ساڵانی جەنگی سەر تیرۆر و سەركەوتن بەسەریدا ئەنجامیاندا.

ئەنجومەنەكە، كە كازمی سەرۆكایەتی دەكات، دوپاتیدەكاتەوە هێزە ئەمنییەكان كاردەكەن لەسەر ئاشكراكردنی ئەو لایەنانەی لەو كارە تیرۆرستییە تێوەگلاون و دەستگیریاندەكات و ڕادەستی دادگایان دەكات.

لە كۆتایشدا هاتووە، “ئەوەی پێیوایە دەستی هێزەكانمانی پێناگات خەیاڵپڵاوە، هیچ كەسێكی گەورە لەبەرامبەر یاسادا نییە، هیچ كەسێكیش گەورەتر نییە لە عێراق، سەركەوتن بۆ عێراق”.

بەرهەم ساڵح: ناتوانین قبوڵی بکەین عێراق پەلکێشبکرێتە ناو ئاژاوەوە

سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیامێکدا سەبارەت بە هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی ڕایگەیاند، ئەو هێرشە تیرۆریستییەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووەتە ئامانج پێشێلکارییەکی مەترسیدارە.

لە پەیامەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردووەتەوە بەرهەم ساڵح ڕایگەیاندووە، “ئەو هێرشە تیرۆریستییەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کردووەتە ئامانج پێشێلکارییەکی مەترسیدار و تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر عێراق”.

سەرۆک کۆمار دەڵێت، “بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە شەڕەنگێزەکان پێویستمان بە یەکڕیزی هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و سەلامەتیی گەلەکەی، ناتوانین قبوڵی بکەین عێراق پەلکێشبکرێتە ناو ئاژاوە و کودەتاکردن بەسەر سیستمە دەستوورییەکەیدا”.

موقتەدا سەدر لەبارەی هێرشەكە: بەئامانجگرتنی عێراق و گەلە

موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر لە توێتێكدا ڕایگەیاند، “ئەو كارە تیرۆرستییەی لایەنی باڵای وڵاتی كردە ئامانج، بە ئامانجگرتنێكی ڕوون و ڕاشكاوی عێراق و گەلەكەیەتی، لێدانە لە ئاسایش و سەقامگیرییەكەی”.

سەدر داواش لە هێزەكانی سوپا و هێزە ئەمنییەكان دەكات بەرپرسیارێتی لەئەستۆبگرن، بۆ “باشبوون و گەڕاندنەوەی عێراق بە بەهێزی”.

لە پەیامێکدا کە نوری مالکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر سەبارەت بە هێرشی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر ماڵی مستەفا کازمی بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاند، “هێرشی سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرکۆنە دەکەین و ڕەتیدەکەینەوە، ئەو کردەوانە دۆخی ئەمنیی عێراق ئاڵۆزدەكەن و ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و پێشێلکاریی زیاتری دەکەنەوە”.

داواشدەکات، دۆخەکە بە حیکمەت و دووربینی و تێڕوانینێکی دوور لە توندوتیژی چارەسەربکرێت، بەبەرپرسیارێتییەوە مامەڵەبکرێت و هێمنی بپارێزرێت دۆخەکە بەبێ کاردانەوەی گرژئامێز چارەسەربكرێت.

مالکی لەبارەی هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی: ڕەتیدەکەینەوە و هێمنی بپارێزرێت

لە پەیامێکدا کە نوری مالکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر سەبارەت بە هێرشی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر ماڵی مستەفا کازمی بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاند، “هێرشی سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرکۆنە دەکەین و ڕەتیدەکەینەوە، ئەو کردەوانە دۆخی ئەمنیی عێراق ئاڵۆزدەكەن و ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و پێشێلکاریی زیاتری دەکەنەوە”.

داواشدەکات، دۆخەکە بە حیکمەت و دووربینی و تێڕوانینێکی دوور لە توندوتیژی چارەسەربکرێت، بەبەرپرسیارێتییەوە مامەڵەبکرێت و هێمنی بپارێزرێت دۆخەکە بەبێ کاردانەوەی گرژئامێز چارەسەربكرێت.

سەرۆکی هەرێم: هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی پێشهاتێکی مەترسیدارە

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە سەبارەت بە هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی نووسیویەتی، “سەرکۆنەی ئەو هەوڵە شکستخواردووەی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی دەکەین، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەڕێگەی هێرشکردن بۆسەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە بەغداد ئەنجامدرا، سوپاس بۆ خوا کە سەلامەتە”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “ئەم کردەوە تیرۆریستییە پێشهاتێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و ئارامیی وڵات، هۆشدارییە بۆ دەرەنجامی مەترسیدار”.

نێچیرڤان بارزانی داواش لە هەموو لایەک دەکات دانبەخۆداگرتنیان هەبێت و ئارامی بپارێزن.

خەزعەلی بە گومانەوە لە هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی دەڕوانێت

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق لە ڕاگەیەندراوێكدا سەبارەت بە هێرشەکە دەڵێت، “دوای بینینەوەی وێنەكانی تەقینەوەكەی ماڵی سەرۆك وەزیران و تێبینیكردنی ئەوەی هیچ قوربانییەك نەكەوتووەتەوە، گرنگیی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە دووپاتدەكەینەوە لەلایەن لیژنەیەكی هونەریی تایبەتمەند و متمانەپێكراو، بۆ دڵنیابوونەوە لە هۆكار و وردەكارییەكانی”.

خەزعەلی نووسیویشیەتی، “ئەگەر بەئامانجگرتنەكە ڕاستەقینە بێت، بە ڕوونی سەركۆنەی دەكەین و پێویستە بە ڕژدی (جدی) بەدوای ئەنجامدەرانی كردەوەكەدا بگەڕێن و سزادانیان بەپێی یاسا، چونكە هەوڵێكە بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان، چونكە دوای ڕۆژێك دێت لە تاوانی ڕوونی كوشتنی خۆپیشاندەران و هێرشكردنە سەریان و سووتاندنی خێمەكانیان”.

ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق ئەوەشی بیرهێناوەتەوە، كە پێش چەند ڕۆژێك هۆشداریی داوە لە “ویستی چەند لایەنێكی گرێدراو بە لایەنی هەواڵگرییەوە، بۆ بۆردوومانكردنی ناوچەی سەوز و دواتر تۆمەتباركردنی گروپەكانی بەرگری (فصائل المقاومة)”.

هەڵوێستی عەبادی و حەكیم لەبارەی هێرشەكەی سەر كازمی

حەیدەر عەبادی و عەممار حەكیم سەركۆنەی هێرشی سەر مستەفا كازمی دەكەن، عەبادی بە “گوماناوی” وەسفیدەكات و حەكیمیش پێی وایە دۆخەكە كۆنترۆڵنەكرێت ڕووداوی خراپتر ڕوودەدەن.

حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر  لە تویتێكدا سەركۆنەی هێرشەكەی سەر مستەفا كازمی دەكات و بە “گوماناوی” وەسفیدەكات، داوای “وریاییش دەكات لە تێكەڵكردنی وەرەقەكان”.

عەبادی دەشڵێت، “دوێنێ كوشتنی خۆپیشاندەرانی ئاشتییانە، ئەمرۆش بەئامانجگرتنی سەرۆك وەزیران، ئێمە لە مەیدانی جەنگدا نین بەریزان!! قۆناغەكە هەستیارە و چاوكراوەیی و دانبەخۆداگرتن گرنگە، گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و پێكەوەیی بوونەتە پرسی بێئەملاولای دەوڵەت”.

لای خۆیەوە عەممار حەكیم جگە لە سەركۆنەكردنی هێرشەكە، پێی وایە بەئامانجگرتنی ماڵی كازمی  بۆی هەیە دۆخەكە ئاڵۆزتر بكات و هەیبەتی دەوڵەت بخاتە مەترسییەوە، زیان بە ناوبانگی عێراق بگەیەنێت لەبەردەم ڕایگشتیی جیهانی.

حەكیم بەئامانجگرتنی سەرۆكی بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە “پێشهاتێكی مەترسیدار و زەنگ بۆ ڕووداوی مەترسیدارتر” وەسفدەكات، “ئەگەر ئاقڵمەندان و خاوەنبڕیارەكان لێكەوتەكانی كۆنترۆڵنەكەن”.

بابەتی پێشتر

كاردانەوە دەرەكییەكانی هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی

بابەتی دواتر

بیڵ گەیتس هۆشداری لە پەتای نوێ دەدات.. خراپتر چاوەڕێی جیهان دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

جه‌بار یاوه‌ر بۆ ئێستا: پێشمه‌رگه‌ و سوپا له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك ڕێككه‌وتن

ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئاشكرایده‌كات، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئۆپەراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك ڕێككه‌وتوون بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستانى داعش، له‌…
زیاتر ببینە

پارتی لە سیناریۆكەی 2018 دەترسێت

پارتی لە سیناریۆكەی 2018 بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق دەترسێت و بۆی هەیە نەچنە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.…
Total
0
Share