زۆر شت لەبارەی حەپی دژەکۆرۆنا بزانە

کۆمپانیای فایزەر لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرکەوتنی حەپی دژەکۆرۆنای ڕاگەیاند، دەكرێت چارەسەرەكە نیشانەكانی توشبوون و ئەگەری چوونە نەخۆشخانە كەمبكاتەوە، هەروەها بەپێی کۆمپانیاکە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی نیشانەکانی گۆشەگیری (الاكتئاب).

ئاژانسی فرانس پرێس سەبارەت بە چارەسەرە نوێیەکە وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە.

یەکەم: ئەم چارەسەرە چییە؟

چارەسەرە نوێیەکەی کۆمپانیای فایزەر، بەشێوەی حەپ و لەڕێگەی دەمەوە وەردەگیرێت، لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکانی کۆرۆنا لە کەسەکەدا چارەسەرەکە بەکاردەهێنرێت بەمەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکە و نیشانە قورسەکانی، پێویستنەبوونی چوونە نەخۆشخانە لەلایەن کەسی تووشبووەوە.

کۆمپانیای فایزەر ڕایگەیاندووە، چارەسەرەکە بەڕێژەی 89% چوونە نەخۆشخانە کەمدەکاتەوە لەوانەی تووشی کۆرۆنا دەبن و چارەسەرەکە بەکاردەهێنن.

دووەم: گرنگیی ڤایرۆسەکە چییە؟

ئەگەر کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکە بەوجۆرەی کۆمپانیای بەرهەمهێنەر باسی دەکات پشتڕاستبکرێتەوە، دەبێتە هەنگاوێکی گەورە لە چارەسەرەکردنی تووشبووانی ڤایرۆسەکەدا، هەرچەندە ئەمە نابێتە شوێنگرەوەیەک بۆ ڤاکسینی کۆرۆنا.

یەکێک لە لایەنە باشەکانی چارەسەرەکە ئەوەیە، جیاواز لە ڤاکسینی کۆرۆنا، دەتوانرێت بە ئاسانی و لەماڵەوە لەلایەن کەسانی تووشبووەوە هەڵبگیرێت.

بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمپانیاکە، دەبێت کەسی تووشبوو لەماوەی پێنج ڕۆژدا 10 ژەم لەو چارەسەرە وەربگرێت.

سێیەم: مامەڵەکردن لەگەڵ چارەسەرەکە

بەپێی بۆچوونی پسپۆڕان، تائێستا سەختە بتوانرێت کاریگەرییەکانی چارەسەرەکە بەوردی دیاریبکرێت، چونکە ئەوەی تائێستا کۆمپانیای بەرهەمهێنەر خستوویەتیەڕوو تەنها لێدوانی ڕۆژنامەوانییە و هیچ وردەکارییەک لەبارەی هەنگاوەکانی تاقیکردنەوەکان لەسەر چارەسەرەکە نەخراوەتەڕوو.

شارەزایان باس لەوەدەکەن، دەبێت لە ئێستادا بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە بانگەشانەدا بکرێت، کارین لاکۆمپ، پسپۆڕی نەخۆشییە کوشندەکان دەڵێت، ئەمجۆرە چارەسەرانە دەبێتە بازاڕێکی گەورە بۆ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان.

چوارەم: کێ ڕەزامەندیی لەسەرداوە و تێچووی وەرگرتنی چارەسەرەکە چەندە؟

دەسەڵاتی تەندروستیی بەریتانیا ڕەزامەندیی لەسەر بەکارهێنانی چارەسەرەکە داوە بۆ ئەوانەی بەتەمەنن، کێشەی سیستمی بەرگری و نەخۆشییە مەترسیدارەکانیان هەیە.

هەروەها هەردوو سیستمی تەندروستیی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا ڕایانگەیاند، تاوتوێی بەپەلەی ڕەزامەندی لەسەر چارەسەرەکە دەکەن، یەکێتیی ئەوروپا ئاشکرایکرد کە لە کەمترین ماوەی دیاریکراودا ڕەزامەندیی لەسەر دەدات، بێئەوەی کاتەکەی دیاریبکات.

بەشێک لە وڵاتان داوای کڕینی چارەسەرەکەیان کردووە، لەوانەش فەرەنسا داوای 50 هەزار ژەمی کردووە و ئەمریکاش داوای بڕێكی دیارکراوی حەپەکەی کردووە بۆ چارەسەری 1.7 ملیۆن نەخۆش، بە تێچووی 1.2 ملیۆن دۆلار.

ئەو داوایەی ئەمریکا نیشاندەری بەرزیی نرخی چارەسەرەکەیە، بەجۆرێک بۆ چارەسەری تەواوی هەر نەخۆشێک 700 دۆلار تێچووەکەیەتی.

بابەتی پێشتر

هەڵوێستی عەبادی و حەكیم لەبارەی هێرشەكەی سەر كازمی

بابەتی دواتر

ڕیزبەندیی عێراق لە وڵاتانی خاوەن یەدەگی زێڕ ئاشكراكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share