یانه‌ی ڕیاڵ مه‌دریدی ئیسپانی یه‌کێکه له‌و یانانه‌ی به‌هۆی قه‌یرانی دارایی سه‌رده‌می کۆرۆناوه ده‌ناڵێنێت و سه‌رۆکایه‌تی یانه بڕیاریداوه له گواستنه‌وه‌کانی زستانی 2021 بۆندی نوێ واژوونه‌کات.
یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید به‌هۆی قه‌یرانه داراییه‌کانه‌وه له وه‌رزی نوێ‌دا زیاتر له 200 ملیۆن یورۆ زیانی دارایی به‌رکه‌وتووه، بۆ پڕکردنه‌وه‌ی که‌لێنه داراییه‌کان و هاوسه‌نگکردنه‌وه‌ی میزانیه‌ی ساڵانه، ناچارن له گواستنه‌وه‌کانی زستانه‌دا به‌رده‌وامی به پڕۆسه‌ی فرۆشتنی یاریزانان بده‌ن.
ڕۆژنامه‌ی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووه، به‌ڕێوبه‌رانی یانه‌ی شاهانه درکیان به‌وه‌کردووه که پێکهاته‌ی زێدان که‌موکورتی هه‌یه و پێویستی به چاره‌سه‌رکردنه، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا به‌هۆی له‌ده‌ستدانه داراییه‌کان و ئاماده‌نه‌بوونی هانده‌ران له سانتیاگۆ بێرنابیۆ، نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی یاریگای یانه، ڕاگرتنی گه‌شته بازرگانییه‌کانه‌وه ناچارده‌بن هاوشێوه‌ی گواستنه‌وه‌کانی هاوینه‌ی 2020 یاریزانی دیکه بفرۆشن.
به ئه‌گه‌رێکی به‌هێزه‌وه، له زستانی 2021 دووباره پڕۆسه‌ی فرۆشتنی یاریزانان ده‌ستپێده‌کاته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ یاریزانێک جێگه‌یان بگرێته‌وه، ئاماژه‌ش به‌ناوه‌کانی ماریانۆ دیاز و لوکا یوڤیچ و ئیسکۆ کراوه له لیستی فرۆشراواندا.
له‌سه‌ر ئاستی دارایی ناوخۆیی یانه، فلۆرنتینۆ پێرێز و هاوه‌ڵانی بڕیاریانداوه موچه‌ی یاریزانان که‌منه‌که‌نه‌وه له کاتێکدا هاوینی ڕابردوو به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 20 موچه‌کانیان که‌مکردووه‌ته‌وه، له‌م لایه‌نه‌وه سوپاسگوزاری یاریزانانبوون که به‌شداربوون له پڕۆسه‌ی که‌مکردنه‌وه‌ی که‌لێنه داراییه‌کان، به‌ڵام له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه زینه‌دین زێدانی ڕاهێنه‌ریان ئاگادارکردووه‌ته‌وه که ناچاره به‌هه‌مان پێکهاته‌وه به‌رده‌وامی به ئه‌رکه‌که‌ی بدات و له هاوینی 2021 به‌ڵێنی چه‌ند گواستنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پێدراوه، له‌نمونه‌ی کیلیان مباپێ، ئیدواردۆ کاماڤینگا یان پۆگبا و سه‌نته‌رێکی به‌رگری ناوازه.