چارەسەری “ئەفسوناوی” بۆ قەڵەوی بەبێ وەرزش و پارێز

شارەزایان باوەڕیانوایە دواجار گەیشتوونەتە چارەسەرێكی نوێی قەڵەوی كە مایەی نیگەرانیی زۆرێكە، بە ڕێگایەكی جیاواز و پێشتر تاقینەكراوە.

ڕۆژنامەی (سەن)ی بەریتانی بڵاویكردەوە، زانایان دەڵێن دەتوانن چارەسەری قەڵەوی بكەن لەڕێی دەستكاریكردنی ڕێڕەوی زنجیرەی بۆهێڵی ناسراو بە “ئەسپی دەریا”.

مرۆڤ چوار بۆهێڵ لە مێشكیدا هەیە، كە دەتوانن ببنە هۆكاری زیادبوونی كێش.

توێژەران لە زانكۆی كامبرێدج توێژینەوەیەكیان لەسەر مێشوولەی میوە ئەنجامداوە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی لە ئەگەری دەستكاریكردنی بۆهێڵی ئەو مێشوولانە، دەكرێت كێشێكی كەمتریان هەبێت.

مێشوولەی میوە و مرۆڤ لایەنێكی هاوبەشیان هەیە ئەویش بوونی ڕێڕەوی “ئەسپی دەریایە”، هەردوولا بەڕێژەی 75% بەشدارن لە پێكهاتەی بۆماوەییدا.

تەنها لە بەریتانیا زیاتر لە 35 ملیۆن كەس بەدەست زۆریی كێشەوە دەناڵێنن، ژمارەكە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان زیاترە لە 70 ملیۆن.

ئەندریا براند، مامۆستای تایبەتمەند لە زانستی دەمار، كە توێژینەوەكەی ئامادەكردووە، دەڵێت، دەستكاریكردنی بۆهێڵی مێشوولەی میوە بووەتە هۆی زیادبوونی كێشی، ئەمەش هیوابەخشە بۆ چارەسەرییەكانی داهاتوو.

ئەوەشی وت، چارەسەرەكە دەكرێت لەسەر شێوەی دەرمان بێت و ببێتەهۆی كەمكردنەوەی ئەو بۆهێلانە و لە ئاكامیشدا كەمكردنەوەی چەوری.

لە توێژینەوەكەدا، توێژەران پێداچوونەوەیان بە بنەڕەتی زانیارییە زۆرەكانی بۆهێڵی ئەو كەسانەدا كردووە كە بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن بۆ زانینی پەیوەندی نێوان ئەو بۆهێڵانە و ئەو كێشە تەندروستییە.

توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی بۆهێڵی (ئەسپی دەریا) پەككەوتوو بووە لای ئەو كەسانەی بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن، بەراورد بەوانی دیكە.

بۆ تاقیكردنەوەی ڕۆڵی ئەو بۆهێڵانە لەسەر زیادبوونی كێش، توێژەران كاریان لەسەر دەستكاریكردنی كردووە لای مێشوولەی میوە، ئەنجامەكان دەریانخست كە مێرووەكان پاش دەستكاریكردنەكە كێشیان كەمتربووە.

زانایان دەڵێن، ئەم توێژینەوەیە دەشێت هاریكاربێت لە پەرەپێدانی چارەسەرێكی نوێ بۆ قەڵەوی.

چارەسەری كلاسیكی بۆ ئەم كێشەیە لەڕێی پارێز و ئەنجامدانی وەرزشەوەیە، هەندێكجاریش لەڕێی نەشتەرگەرییەوە ئەنجامدەدرێت.

توێژینەوەكانی پێشوو نیشانیاندا كە زۆرێك لەو كەسانەی بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن، مەیلێكی بۆماوەییان هەیە بۆ زیادبوونی كێشیان.

س: سكای نیوز

بابەتی پێشتر

بەبڕیاری حکومەتی عێراق کونسوڵخانەی بیلاڕوسیا لە هەولێر داخرا

بابەتی دواتر

کچێکی کورد دوای ئەوەی شووی بە ئامۆزاکەی نەکرد "بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر" کوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share