دوابەدوای ڕووداوەكانی دوێنێی ناوچەی سەوزی بەغداد، كە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران و كەوتنەوەی قوربانییان بەدواداهات، مستەفا كازمی بڕیاری دا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێندرێت.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بڕیاریداوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی باڵا بە ئەندامێتیی ئاسایشی حەشدی شەعبی، بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو ڕووداوانەی دوێنێ هەینی لەمیانەی خۆپیشاندانەكاندا سەریانهەڵدا.
ئاشكراشیكرد، لیژنەكە ڕاستەوخۆ پاش پێكهێنانی لێكۆڵینەوەكانی خۆی دەستپێكردووە بۆ ئاشكراكردنی ئەو هۆكار و پاڵنەرانەی بوونەهۆی كەوتنەوەی بریندار لەنێو خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان و ڕاپێچكردنی كەسانی كەمتەرخەم بۆ لێپێچینەوەی یاسایی بەهۆی كەمتەرخەمی و سەرپێچیكردنی بڕیارە ڕوونەكانی فەرماندەی گشتی كە دووپاتیكردووەتەوە نابێت گولـلە لە هیچ بارودۆخێكدا بتەقێندرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە كازمی بڕیاریداوە بە قەرەبووكردنەوەی قوربانییان و هەرخۆیشی سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی پرۆسەی لێكۆڵینەوە و ڕێوشوێنە پێویستەكان دەكات بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ماف بۆ قوربانییان.
پێكهێنانی لیژنەكە لەكاتێكدایە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی ناوچەی سەوز كە لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەمەبەستی ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەنجامدرا ئاڵۆزی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی حەشدی شەعبی تیاڕوویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 خۆپیشاندەر برینداربوون.
لای خۆیەوە دەستەی حەشدی لە ڕاگەیەندراوێكدا پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی سەبارەت بە ڕووداوەكانی خۆپیشاندانەكە ڕاگەیاند.