ئەمریکا بەشێک لە هێزە شەڕکەرەکانی لە عێراق کشاندەوە

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق کشانەوەی دوو هەزار و 100 ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سه‌ربازیی ئەمریکای لە عێراق ڕاگەیەند ئەمەش لەچێوەی بەشێک لە ڕێککەوتنی دیالۆگی ستراتیژیی عێراق و ئەمریکا.

لە ڕاگەیەندراوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بڵاویکردەوە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئەعرەجی میوانداریی کۆبوونەوەی لیژنەی هونەری سەربازیی عێراقی بەسەرۆکایەتیی جێگری فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، فەریق ڕوکنی یەکەم عەبدولئەمير شممەری و فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، جەنەراڵ جۆن برینان و جێگرەکەی، ڕیچارد بێڵ و بەڕێوەبەری ئیدارەی هاوبەش لەنێوان ئاژانسەکان و ژینگەی مەدەنی، جەنەراڵ فێنست کۆست بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق و فەرماندەی هێزەکانی وشکانیی، ئاسمانیی، بەرگریی ئاسمانی، فەرماندەی هێزەکانی دەریاوانیی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی و ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، عەمید ڕوکن هەژار عومەر، کردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی دیالۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا کراوه‌، لەنێویاندا قۆناغی گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ کاری ڕاوێژ بە هێزەکانی عێراق.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە “زیاتر لە دوو هەزار و 100 ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازی لە عێراق کشێنراونەتەوە وەک بەشێک لە بەردەوامیی گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ ئەرکی ڕاوێژکاری”.

هاوکات جەخت لە بەردەوامیی هاوبەشی لەنێوان هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کراوەتەوە.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە گواستنەوەی سەرکەوتووانەی خاوەندارێتیی کەلوپەلەکان بۆ لایەنی عێراقی لەم چەند مانگەی ڕابردوودا کراوە کە ڕادەستکردنی زیاتر لە هەزار و 800 زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی بەرزکردنەوەی قورسایی و تانکەری ئاو بووە کە ڕۆڵی هەبووە لە بەرزکردنەوەی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق و ڕۆڵ بینینی لە پارێزگاری لە هاوڵاتییانی عێراق لە داعش.

بابەتی پێشتر

لەخۆپیشاندانەکانی بەغداد گرژی دروستبوو و بریندار هەیە

بابەتی دواتر

تەندروستیی عێراق: ژمارەی بریندارەکانی خۆپیشاندانەکەی بەغداد گەیشتووەتە 125 کەس

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share