وتەبێژی دەوڵەتی یاسا و سەركردەیەكی فەتح بۆ ئێستا
دوایین هەوڵەكانی مالكی بۆ پێكهێنانی حكومەت ئاشكرادەكەن

ڕەوتی سەدر وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە كە خاوەنی 73 كورسییە، هەوڵی كۆكردنەوەی لایەنی تر لەخۆی دەدات بۆ ئەوەی بگاتە قەبارەیەك كە توانای پێكهێنانی حكومەتی هەبێت، لەبەرامبەردا بەرەیەكی تری شیعەكان كە هەریەك لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی فەتح و بزوتنەوەی عەتا و پارتی فەزیلە و هاوپەیمانیی هێزەكانی دەوڵەت و بەشێك لە كاندیدە سەربەخۆكان لەخۆدەگرێت و نوری مالكی سەرۆكایەتی دەكات، دەیەوێت هاوكێشەكە هەڵبگەڕێنێتەوە و بە پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان، جڵەوی پرۆسەی سیاسی بگرێتەدەست و كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران دیاریبكات و حكومەت پێكبهێنێت.

بەها نوری، وتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا، دوایین هەوڵ و دانوستاندنەكانی ئەو بەرەیەی ئاشكرایكرد كە پارتەكەی ئەو ڕابەرایەتی دەكات و دەیەوێت گەورەترین فراكسیۆن پێكبهێنێت و وتی، “بەرەكەمان 80 كورسی تێپەڕاندووە و تا ئێستا توانیویەتی زیاتر لە 80 پەرلەمانتار لەخۆی كۆبكاتەوە و بەردەوامیشە لە وتووێژ و دانوستاندن لەگەڵ لایەن و كاندیدە براوەكان، بەمەبەستی زیاتركردنی ژمارەی كورسییەكانی”.

جەختیشیكردەوە كە هەوڵەكانیان بۆ ئەوەن گەورەترین فراكسیۆن پێكبهێنن و پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ ئەوان ببێت، ژمارەی كورسییەكانیش بەردەوام لە گۆڕانكاریدان.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا نوری مالكی بۆ جاری سێیەم دەبێتەوە بە سەرۆك وەزیران و لایەنەكانی ناو بەرەكەی كۆكن لەسەر سپاردنی پۆستی سەرۆك وەزیران بە نوری مالكی؟ ئەو سەركردەیەی دەوڵەتی یاسا وتی، “هەركات بە فەرمیی گەورەترین فراكسیۆنمان پێكهێنا، لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ئەو پرسە یەكلاییدەكەینەوە و پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ گەورەترین فراكسیۆن دەبێت”.

هاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆكایەتیی هادی عامری، دووەم لایەنی ناو ئەو بەرەیەی شیعەكانە كە ڕكابەری سەدر و ڕەوتەكەین، ئەسعەد مورشدی یەكێك لە سەركردەكانی فەتح قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كرد و وتی، “هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەردەوامن”.

مورشدی پێیوایە ڕەوتی سەدر ناتوانێت حكومەت پێكبهێنێت و گەشبینە بەوەی هەوڵەكانی بەرەكەی سەربگرن و بتوانن حكومەت پێكبهێنن، ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت، “هاوپەیمانیی فەتح و دەوڵەتی یاسا و چەندین لایەنی تر هەوڵی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆن دەدەن و بەشێكی زۆر لە كاندیدە سەربەخۆكانیان بۆلای خۆیان كەمەندكێشكردووە”.

ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانیی فەتح وتی، “عێراق فرەپێكهاتەیە و كوردەكانیش هەن و هێشتا زۆر لایەن و كاندیدی تر ماون خۆیان یەكلاییبكەنەوە و سەرگەرمی دانوستاندنین لەبارەی خواست و داواكارییەكانیانەوە، بۆیە هەر دەبێت پێكهێنانی حكومەت بەشێوەی سازانی نێوان هەمووان بێت و لەو ڕووەشەوە بەرەكەی ئێمە بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ ئەوەی ببێت بە گەورەترین فراكسیۆن”.

بابەتی پێشتر

بڕی 500 ملیۆن دینار بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر خەرجدەکرێت

بابەتی دواتر

مێندی باشترینی پریمەرلیگە و بەچەند میلێک پێش ئەوانی دیکە کەوتووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هاوردەكردنی تەماتە رادەگیرێت

دوای راگرتنی بۆ چەند رۆژێك لە ماوەی رابردوودا، حكومەتی عێراق دەیەوێت هاوردەكردنی تەماتە لە گشت دەروازە سنوورییەكانەوە قەدەغەبكات.…
Total
0
Share