لە ڕاپۆرتێكی شیكاریدا كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردووەتەوە، ماڵپەڕی “میدڵ ئیست” دانوستاندنی نێوان ڕوسیا و توركیا لەپێناو هێرشی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان و كۆنترۆڵكردنی كۆبانێ لەلایەن توركیاوە ئاشكرادەكات. باس لەوەش دەكات كە ڕوسیا لەبەرامبەر هەندێك سازشی توركیادا، هێزەكانی یەپەگە لە كۆبانێ دەكشێنێتەوە.
ڕاپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە چەند سەرچاوەیەك ئاشكرایانكردووە، توركیا دەیەوێت ڕەزامەندیی ڕوسیا بەدەستبهێنێت بۆ هێرشكردنەسەر كۆبانێ و ئامانجی نەهێشتنی هێزەكانی “یەكینەكانی پاراستنی گەل – یەپەگە”یە لەو ناوچەیە.
مانگی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاندبوو، “توركیا ئارامی نەماوە بەرامبەر بەو هێرشانەی هێزەكانی پاراستنی گەل دەیانكەن لەدژی هێزەكانی توركیا و ئەو ناوچانەی باكووری سوریا كە هێزەكانی توركیا كۆنترۆڵیانكردوون”.
ئەوكات ئەردۆغان وتی، “ئێمە مكوڕین لەسەر لەناوبردنی ئەو هەڕەشانەی لە سوریاوە دێن بە ئامرازی تایبەتیی خۆمان و لەنزیكترین كاتدا هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر”.
لەو كاتەوە كاربەدەستانی تورك و ڕوس، دانوستاندن دەكەن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك لەپێناو چارەسەركردنی مەترسییەكانی توركیا لەئاست هێزەكانی “یەكینەكانی پاراستنی گەل – یەپەگە” وەك ڕاپۆرتەكە ئاشكرایكردووە.
سەرچاوەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئامانجی توركیا داخستنی سنوورەكانیەتی لەگەڵ خۆرئاوای سوریا و داگیركردنی كۆبانێ و بەستنەوەیەتی بە جەرابلوس و گرێسپی-یەوە كە توركیا كۆنترۆڵیكردوون.
بەپێی پڕۆژە ڕێككەوتنێك كە توركیا و ڕوسیا پێیگەیشتوون و ماڵپەڕەكە ناوەڕۆكەكەی ئاشكراكردووە، ڕوسیا هەژموونی خۆی لە كۆبانێ دەپارێزێت، توركیاش دەستبەسەر دەوروبەری شارەكە و ناوچە ستراتیژییەكانیدا دەگرێت.
ئاشكرایكردووە، ڕێككەوتنەكە بەجۆرێكە كە توركیا ئەو هێزەی لە سوریا پێكیهێناوە ناباتە ناوچەكە، بەڵكو هێزێكی هاوبەشی ڕوس و تورك كۆبانێ كۆنترۆڵدەكەن و توركیا ئاسایشی بنكە سەربازییەكەی ڕوسیا لەو ناوچەیە دەپارێزێت و لەبەرامبەریشدا ڕوسیا هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل – یەپەگە دەكشێنێتەوە بەرەو باشووری ئەو ناوچەیە، هاوكاتی ئەوەش ڕوسیا دەیەوێت لە ناوچەی ئیدلب توركیا سازشی بۆبكات و هەژموونی مۆسكۆ لەو ناوچەیەدا زیاترببێت.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن كە هەفتەی ڕابردوو چەند بەرپرسێكی تورك ڕایانگەیاندبوو، توركیا بیر لەوە دەكاتەوە چەند ناوچەیەكی بچووكی ئیدلب بۆ ڕوسەكان بەجێبهێڵێت لەبەرامبەر بەدەستهێنانی پشتیوانیی ڕوسیا بۆ هێرشكردنەسەر باكووری سوریا.
میدڵ ئیست لەزاری سەرچاوەكانییەوە دەڵێت، “دانوستاندنی توركیا لەگەڵ ڕوسیادا بەردەوامە و ئەردۆغان بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەی ناچارە هەر ڕێككەوتنێك بەر لە بەرپاكردنی هێرشەكە واژووبكات”.
چەند سەرچاوەیەكی ئەمنیی توركیا بە ماڵپەڕەكەیان ڕاگەیاندووە، “سوپای توركیا ئامادەكارییەكانی تەواوكردووە بۆ چوونەناو باكووری سوریا (ڕۆژئاوای كوردستان) و لە ئیدلب بڵاوبووینەتەوە بۆ پاراستنی ناوچەكە لە ڕژێمی سوریا و هێرشی ڕوسیا، چونكە ئەزموونەكانی ڕابردوومان پێمان دەڵێن سەرباری هەر ڕێككەوتنێك كە لەگەڵ ڕوسیادا بیكەین، پێویستە لە ئیدلب لە ئامادەباشیدابین”.
لەبەرامبەردا بەپێی زانیارییەكانی میدڵ ئیست، ڕوسیا چوار فڕۆكەی سەربازی لە فڕۆكەخانەی قامیشلۆ جێگیركردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی چاوەڕوانكراوی توركیا لەو ناوچەیەدا.